گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوبەری پێشوتری هەڵمەتی هەڵبژاردنی دێمۆکراتەکان: ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا دەیدۆڕێنێت

2020.06.28 - 20:31
بەڕێوبەری پێشوتری هەڵمەتی هەڵبژاردنی دێمۆکراتەکان: ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا دەیدۆڕێنێت

بەدواداچوونی تایبەت - ئالان م نوری

رۆژی هەینیی رابوردوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لە تەلەفزیۆنی MSNBC ی ئەمریکایی، جێیمس کارڤیل، بەڕێوبەری پێشووتری هەڵمەتی هەڵبژاردنی دێمۆکراتەکان لە سەردەمی بیل کلینتۆندا، وتی: بمبوورن کەوا دەڵێم، بەڵام چانسی ئەوەی کە ترەمپ پێشوەخت واز بێنێت لە خۆهەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، زیادترە لەوەی کە دەربچێت لەم هەڵبژاردنەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا.

 

کارڤێل ئەوەی روونکردەوە کە دەمێکە هەموو ئەو راپرسییانەی کە پسپۆڕی دەزگا سەربەخۆکان و دەزگا حیزبییەکان ئەنجامی دەدەن، بەوانەشەوە کە دەزگا لایەنگرەکانی خودی دۆناڵد ترەمپ ی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەنجامی دەدەن، هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی لە هەموو ئەو ولایەتانەدا کە بە "گۆڕەپانی شەڕ" دادەنرێن، ترەمپ، بە شێوەیەکی روون، لە دوای (جۆ بایدن )ی پاڵێوراوی دێمۆکراتەکانە. جگە لەوەش لەسەر ئاستی نیشتمانیی هەموو ئەمریکاشدا بایدن بە زیاد لە  10٪ لە پێش ترەمپ ە. لەبەر هەموو ئەمانە، بە داوای لێبوردنەوە ئەو پێشبینییەی خستە روو.

 

بۆچی داوای لێبوردن؟

کارڤێل داوای لێبوردنی کرد چونکە هەندێک لە لێکۆڵەرەوە ستراتیژییەکانی نێو پارتیی دێمۆکراتی ئەمریکا پێیان وایە کە ئەگەر دەنگدەرانی دێمۆکرات بڕوا بکەن بەوەی ترەمپ مەحاڵە بیباتەوە، ئەوا بەشی ئەوەندەیان، رۆژی هەڵبژاردن، لە بری دەنگدان لە ماڵەکانیان دەمێننەوە، کە چانسێکی گەورەی بووژاندنەوە بە هیواکانی ترەمپ ببەخشن. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەوەیە کە جۆ بایدن نەک هەر کاندیدی خواستراوی بەشێکی گەورەی دەنگدەرانی دێمۆکرات نییە، بەڵکو رێژەیەکی بەرچاویش لەوانە بە کاندیدی خۆیانی نازانن و تەنها هۆیەک وایان لێبکات بچن دەنگ بدەن ئەوەیە کە دۆڕانی ترەمپ مسۆگەر بکەن. 

 

ترەمپیش لە بردنەوەی بێ هیوا بووە!

لە چاوپێکەوتنێکدا، هەفتەی رابوردوو، لەگەڵ (شۆن هانیتی) پێشکەشکاری تەلەفزیۆن و سەرسەختترین لایەنگری ترەمپ لە کەناڵی تەلەفزیۆنی FOX NEWS، ترەمپ وتی: "بایدن دەبێت بە سەرۆکی ئەمریکا چونکە هەندێک کەس ترەمپیان خۆش ناوێت"

 

لایەنگرانی ترەمپ لە کەناڵەکانی میدیادا گاڵتەیان بە ئامارە زانستییەکان دێت و ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی 2016 یشدا هەمان زانایانی راپرسی و ئامار بە هەڵە پێشبینیی ئەوەیان کرد کە هیلاری کلینتۆن دەیباتەوە، ئاواش ئەمساڵ پێشبینییەکانیان هەڵە دەبێت و هەر ترەمپ دەیباتەوە. 

 

بەڵام زانایان لە بەرامبەر ئەم بۆچوونە ئەوە دەخەنە روو کە لە راستیدا مۆدێلەکانی پێشبینیی ساڵی 2016 راست بوون و هیلەری کلینتۆن لەسەر ئاستی کۆی دەنگەکان  سێ ملیۆن دەنگى زیاتری هێنا. بەڵام سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا ناگونجێت، سەرۆکایەتیی دا بەو کاندیدەی کە بەو ژمارە زۆرەی دەنگ دۆڕا.

 

هەمان زانایان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە هەمان کاتی ئێستای  پێش هەڵبژاردندا لە ساڵی 2016 دا ترەمپ و هیلاری زۆر نزیکی یەکتر بوون لە راپرسییەکاندا بەڵام ئێستە، بە رەچاوکردنی هەموو جۆرە راپرسییەکان ترەمپ بە شێوەیەک لە دواوەیە کە لەوەتەی ئاماری راپرسی کۆدەکرێتەوە، کەس بەم رادەیە لە دواوە نەبووە لەم کاتەدا و لە رۆژی هەڵبژاردندا بردبێتیەوە.

 

کۆرۆنا سەری ترەمپ دەخوات

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی کەمبوونەوەی متمانەی هاووڵاتیانی ئەمریکا بە دۆناڵد ترەمپ پەلەکردنی خۆی و حاکمی ویلایەتەکانی هەواداری لە وازهێنان لە رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و سەرپێچیی ئاشکرایان  لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەناوی حیزبایەتییەوە بوو. 

 

لەهەموو ئەو ولایەتانە زۆر بە خێرا  پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە و دوێنێ 27 ی حوزەیران لە رۆژێکدا نزیکەی 44 هەزار تووشبووی نوێ لە ئەمریکا دۆزرایەوە.

 

ترەمپ هەوڵی دا کە زیادبوونی ترسناکی ژمارەی تووشبوانی دۆزراوە بگەڕێنێتەوە بۆ زۆری تێستکردن نەک زیاد بوونی تووشبوون. ئەو فەرمانی دا بە حکومەتی فێدراڵ کە پارەی تەرخانکراو بۆ تێستکردن لە ویلاتەکان ببڕێت. بەڵام زانایانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی ئەو قسانە بە درۆ دەخەنەوە و دەڵێن کە نەک تەنها تێست کردن زیادی کردووە، بەڵکو رێژەی پۆزەتیڤ (واتە سەلماندنی تووشبون) بۆ کۆی تێست لە گەلێک شوێنی ئەمریکی لەم مانگەدا لە 10٪ تێپەڕی. لە کاتێکدا کە پێشتر بە تێکڕا نزیکەی 2٪ بوو. پاش یاخی بوونی سێناتۆرەکانی سەر بە حیزبەکەی خۆی، لە ویلایەتێکی وەکو تەکساس کە بەر لە ئەمساڵ دێمۆکراتەکان لە خەویشیاندا هیوای بردنەوەی ئەو ولایەتەیان نەبوو، بەڵام ئێستە بە "مەیدانی جەنگ" حسابە بەهۆی ترەمپەوە، لەو ویلایەتەدا ترەمپ ناچار بوو نەک هەر پارەی تێست نەبڕێت بەڵکو زیادیشی بکات.

 

دەرمانی کۆن بۆ دەردی تازە نابێت

لە ئەنجامی بێهیوایی، دۆناڵد ترەمپ گەڕاوەتەوە بۆ ئەو بیرۆکە و گوتارە سیاسییانەی کە لە ساڵی 2016 دا بەکەڵکی هاتن. بەڵام ئەمجارە کاری پێچەوانەیان هەیە. ئەو چوو بۆ ئەریزۆنا تا رۆژنامەوانان دوای بکەون کاتێک لەبەردەم دیوارێکی تازە دروستکراوی سەر سنووری مەکسیک رابوەستێت و شانازی بەوەوە بکات کە 200 میلی دیواری نوێی دروست کردووە لەو ویلایەتەدا، بەڵام خێرا میدیاکان بۆیان راست کردەوە کە تەنها ٣ میل دیواری تازە دروست کراوە و لەگەلێک شوێنیشەوە کونی تێکراوە.

 

هەروەها گەڕاوەتەوە بۆ یەکێک لە بابەتە دڵخوازەکانی کە بریتی بوو لە دژایەتی کردنی یاسای ناسراو بە (خزمەتگوزاریی تەندروستیی ئۆباما)، کە نزیکەی 47٪ ی ئەمریکا لە 2016 دا دژی بوون. لەم قەیرانە تەندروستییە دژوارەی پەتای کۆرۆنادا، ئیدارەی ترەمپ داوا لە ئەنجومەنی دادوەریی باڵای ئەمریکا دەکات کە ئەو یاسایەی زیاد لە 30 ملیۆن کەس بە بۆنەیەوە بۆ یەکەمجار لە ژیانیاندا بیمەی تەندروستییان هەیە، هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام لە راستیدا هەموو راپرسییەکان ئەوە رادەگەیەنن کە لەم کاتی تەنگانەیەدا نزیکەی 55٪ ئەمریکییەکان نایانەوێت ئەو خزمەتگوزارییانە لەدەستکاری بکرێن. 

 

لەبەر هەموو ئەمانە، زۆر لە کادێر و هەوادارانی پارتی کۆماری، پارتەکەی ترەمپ، هاوڕان لەگەڵ راوێژکاری پێشووی بۆ کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی، جۆن بۆڵتۆن، کە لە کتێبێکی نوێیدا نووسیویەتی: ئەم سەرۆکە شایستەی ئەو پۆستەی نییە.