گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوە’

زەینەبى کچە گەورەى قاسمى سولەیمانى لەگەڵ سەرکردەیەکى حزبوڵا هاوسەرگیرى کرد 

2020.06.28 - 18:30
زەینەبى کچە گەورەى قاسمى سولەیمانى لەگەڵ سەرکردەیەکى حزبوڵا هاوسەرگیرى کرد 

ناس کورد- 

بڵاوكردنەوەی هەواڵی هاوسەرگیری زەینەبی كچی قاسم سولەیمانی لەلایەن زەینەب موغنیەی كچی عیماد موغنیەی سەركردەی كوژراوی حزبوڵای لوبنانی بەسەركردەیەكی دیاری ئەو حزبە، كاردانەوەى بەرفراوانی هاووڵاتیانی ئێرانى لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەدوای خۆیدا هێنا و ڕەخنەی ئەوەی لێگیرا كە نەیتوانیوە ساڵێك بەسەر كوژرانی باوكیدا چاوەڕوان بێت كە ئەوەش وەكو پابەندبونێك بەدابونەریتەكانی ئێران و هەندێكی دیكەش بەتەنزەوە باسیان لەوە كردووە كاری خێر دوانەخرێت باشترە و دابونەریت چ سودێكیان هەیە. 

 

" هاوسەرگیرییەكە سیاسیە" 

هاوسەرگیریەكەی كچە گەورەكەی قاسمی سولەیمانی بەسەركردەیەكی باڵای حزبوڵای لوبنانی بەلای ئۆپۆزسیۆنی سیاسیەوە كراوەتە دەرفەتێك بۆ ئەوەی جامی توڕەیی خۆیان بەسەر ڕژێمی ئێران و حزبوڵای لوبنانیدا بڕژێنن چونكە پێیانوایە ئەو دوو گروپە داهاتی ئێران بۆ خۆیان دەخۆن و هەندێكی دیكەش ئەو هاوسەرگیرییە بەسیاسی دەزانن بەمەبەستی توندۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو حزبە و ئێران لەڕێگەی زاواكەوە.

 

ئەمڕۆ (یەكشەممە، 28ی حوزەیرانی 2020)، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی وەكو یەكەم میدیاى فەرمیی هەواڵی هاوسەرگیرییەكەی زەینەبی كیچی قاسمی سولەیمانی بە ڕەزا هاشم سەفیەئەلدینی سەركردەی حزبوڵای لوبنانی بڵاوكردەوە.

 

بڵاوكردنەوەی هەواڵەكەش لەلایەن زەینەب موغنیەی كچی عيماد موغنیە كە ساڵی 2008 لەدیمەشق لەتەقینەوەیەكدا كوژرا چەند ئاماژەیەك هەڵدەگرێت و هۆكاری گرنگیدانیش بەهاوسەرگیرییەكەی زەینەب سولەیمانی بەكوڕی هاشمی سەفیەئەلدینی پیاوی ئاینی كە سەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكاری حزبوڵای لوبنانیە بۆ ڕۆڵی گرنگی قاسم سولەیمانی لەناوچەكە و هەروەها پاڵپشتییەكانی بۆ حزبوڵای لوبنانی دەگەڕێتەوە.

لەڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی قاسمی سولەیمانی باوكیدا لە ڕێكەوتی 6ی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا زەینەب سولەیمانی داوای لەهەریەكە لەحەسەن نەسروڵا و ئیسماعیل هەنیە و زیاد نەخالە و بەشار ئەسەد و هادی عامری و عەبدولمەلیك حوسیی كرد تۆڵەی خوێنی باوكی بكەنەوە، كە لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكاوە لەنزیک فڕۆكەخانەی بەغدا كوژرا.

 

چەند ڕۆژێک دوای ئەوەش لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا كچە گەورەكەی قاسمی سولەیمانی دوای ناردنی سڵاوێك بۆ حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی وتیشی " دەزانم تۆڵەی خوێنی باوكم دەكەیتەوە". 

 

هەندێك لەوانەی قسەیان لەسەر هاوسەرگیریەكەی زەینەب كردووە دەڵێن، هەوڵ دەدات ڕۆڵی باوكی لەناوچەكەدا تەواو بكات و لانیكەمی هەوڵبدات وەكو پڕوپاگەندەكارێك بۆ بەرگری لەدەستوەردانەكانی ئێران لەناوچەكە دەربكەوێت.

 

لای خۆشیەوە حەسەن داعی كە سەر بەموجاهیدین خەڵقی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە لەتوێتێكیدا نوسیویەتی " زەینەب عیماد موغنی دەڵێت، كچەكەی قاسمی سولەیمانی شووی بەكوڕی هاشم سەفیە ئەلدین كە برازای عەبدوڵا سەفییە ئەلدینی نوێنەری حزبوڵا لەئێران و قاچاخچی مادە  بێهۆشكەرەكان كردووە".