گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد وردەکارى خۆپیشاندانى کاسپکارانى دهۆک و فڕێدانى بەرهەمەکانیان بڵاودەکاتەوە

2020.06.28 - 18:14
ناس کورد وردەکارى خۆپیشاندانى کاسپکارانى دهۆک و فڕێدانى بەرهەمەکانیان بڵاودەکاتەوە

ناس کورد: سابر عەبدوڵا و محەمەد عومەر

ژمارەیەک لە فڕۆشیارى سەوزە و میوە لەپارێزگاى دهۆک دژى رێگریکردنیان بۆ ساغکردنەوەى بەروبومەکانیان لەلایەن شارەوانى دهۆکەوە، گردبوونەوە و ڕێگەى سەرەکى چوونە ناو پارێزگاکەیان داخست و میوە و سەوزەکانیان فڕێدایە سەر شەقامەکان و قایمقامى پارێزگاکەش هۆکارەکەى بۆ رێکخستنەوە بازاڕ دەگەڕێنێتەوە نەک رێگریکردن لە کار و کەسابەتى خەڵک.

 

جەوهەر عەلی،  قایممقامی دهۆک بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئێستا وەرزی پێگەیشتنی سەوزەو میوەیە و  زۆربەی جوتیارانی سنورەکە  بە ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕ و شەقامە گشتیەکان بەرهەمەکانیان دەفڕۆشن ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی قەرەباڵغی  و بۆ ڕێکخستنەوەیان بڕیارمان داوە ڕێگەیان نەدەین".

 

قایمقامى دهۆک ئاماژەى بە دانانى شوێنێکى تایبەت بۆ ئەو کاسپکارانە کرد بۆ ساغکردنەوەى بەروبومەکانیان کە دەکەوێتە تەنیشت شەقامی گشتی و وتى "پێیان وتراوە لەوێ  ئۆتۆمبێلەکانیان رابگرن و بەرهەمەکانیان بفڕۆشن بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناوخۆیان کێبڕکێى ئەوەیانە کێ زۆرترین بفڕۆشێت شەقامەکان دەگرن و قەرەباڵغی دروست دەکەن ".

 

سەبارەت بە گرفتی بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیى، جەوهەر عەلى قایمقامی دهۆک رونیکردەوە،  لەدهۆک بەرهەمی زۆریان هەیە و کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە و نەتوانراوە بازاڕێکی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە بۆیە  جوتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لەناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکان بە ئۆتۆمبێل  هەوڵی فڕۆشتنی بەرهەمەکانیان دەدەن بۆیە ئەم گرفتە دروست بووە ".

 

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانیش  قایمقامی دهۆک وتی "چەند ئۆتۆمبێلێک کە لەسەر شەقام میوەیان  فڕۆشتووە  دەست بەسەرکرابوون بەڵام ئازادمان کردن و کەس لەسەر ئەو خۆپیشاندانە دەسگیر نەکراوە ".

 

ئاماژەى بەوەش کرد کە سبەینێ  سەرجەم فڕۆشیارەکان بانگ دەکەن و لەگەڵیان کۆدەبنەوە بۆ دۆزینەوەى ڕێگەچارەیەک.

 

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانى کاسپکارانى شارى دهۆک بەهۆى وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک، هێزە ئەمنییەکان ڕۆژنامەنووس بلبل عەبدوڵا-یان دەستگیرکرد.

 

ئه‌یهان سه‌عید، نوێنه‌ری سه‌نته‌ری میترۆ لە پارێزگاى دهۆک بە ناس کوردى راگەیاند "لەكاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی رۆژنامه‌نوس بلبل عه‌بدوڵا په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی من ئاگادار بكات له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی و هێشتا قسه‌ی ته‌واو نه‌كردبوو تەله‌فونه‌كه‌ی له‌ده‌ستی ده‌رهێنرا و په‌یوه‌ندیم له‌گەڵی پچڕا".

 

ئه‌یها سه‌عید وتیشی ،ئه‌وان وه‌ك سه‌نته‌ری میترۆ لەهەوڵەکانیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ ئازادكردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە.