گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند زانیارییەک لەبارەى سەردانەکانی گۆڕان بۆ لای لایەنەکان

گۆڕان ’’بۆ پاراستنی قەوارەى هەرێم و ئەنجامدانی چاکسازی’’ سەردانی لایەنەکان دەکات

2020.06.28 - 15:33
گۆڕان ’’بۆ پاراستنی قەوارەى هەرێم و ئەنجامدانی چاکسازی’’ سەردانی لایەنەکان دەکات

ناس کورد-

لە گەرمەی كێشە و قەیرانە سیاسی و ئابوریی و تەندروستیەكانی هەرێمدا، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كرد، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیش دەڵێت، سەردانەكە گەڕێكی دیكەی سیاسیە بزوتنەوەكەیان پێهەڵدەستێت بەمەبەستی خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەڕێگەی خێراكردن لە جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازییەوە.

 

دلێر عەبدولخالق، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و بەرپرسی ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان تایبەت بەناس كوردی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکان گەڕێكی دیكەی سیاسیە گۆڕانە لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسیەكاندا بەمەبەستی خستنەگەڕی هەوڵێكی تر بۆ جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی كە لەئەنجامدا دەبێتە هۆی پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێم و چارەسەركردنی بەشێك لەو قەیرانانەی كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا و ڕوداوەكانی ناوچەكە و عێراقەوە دروستبووە و كاریگەریشیان بۆ سەرهەرێم هەیە.

 

سبەینێ لە هەولێر گۆڕان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی و پارتی دەکات، "هەموو ئەو سەردانانەش بە ئاڕاستەی خوێندنەوەی هەلومەرجی سیاسی و دارایی و كارگیڕی هەرێم و عێراق و ناوچەكە دەبێت.

 

تاپێش بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ وەكو سێ حزبی ئۆپۆزسیۆن لەیەك بەرەدابوون و زۆربەی هەنگاوە سیاسیەكانیان بە هاوبەشی دژی كارەكانی حكومەت دەنا، بەڵام دوای بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆنبوونەوەی هەر یەكە لە یەكگرتوو و كۆمەڵ، پەیوەندییە سیاسیەكانیان خاوبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و چەند جارێكیش شەڕی ساردی میدیایی لەنێوانیاندا دروستبووە.

 

ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "داواش لەو هێزانە دەكەین كە لەدەرەوە و لەناو حكومەتدان ببنە گروپی فشار بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەكی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمكردنەوە و نەدانی موچە و كێشەی بۆردومانەكانی توركیا و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، ئەوەش بەئاڕاستەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان چونكە هەرێم گە ر لەگەڵ بەغدا نەشگاتە ڕێککەوتن دەبێت لە ناوخۆی هەرێمەوە ڕێکكەوتن و یەكڕیزی هەبێت و كێشە ناوخۆیەكان چارەسەر بكرێن." 

 

دلێر عەبدولخالق دەشڵێت، وابڕیارە لەم هەفتەیەدا یەكێتی نیشیتمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان بكات و لەئیستادا پەیوەندیەكانیشیان لەگەڵ یەكێتیدا ئاساییە و گۆڕان چاوەڕوانی كردار لە یەكێتی دەكات بۆ دۆزینەوەی دەرەچەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە قوڵە سیاسی و دارایی و تەندروستیانەی كە ژیانی خەڵكیان كردووەتە ئامانج.