گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆمپانیاکانی مۆبایلیش نزیکەى یەک ملیار دۆلار قەرزداری حکومەتن

’’بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە’’ عێراق مانگانە سێ ملیار دینار زیانی پێدەگات

2020.06.28 - 12:32
’’بەقاچاخبردنی ئینتەرنێت لە ڕێگەى هەرێمی کوردستانەوە’’ عێراق مانگانە سێ ملیار دینار زیانی پێدەگات

ناس کورد-

بەرپرسێکی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرای کرد، بەهۆی بەقاچاخبردنی ئەنتەرنێت لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە عێراق مانگانە تەنها لەپارێزگای نەینەوا سێ ملیار دینار زەرەر دەکات، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، هەرسێ کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن لە عێراق بەبڕی 900 ملیۆن دۆلار قەرزداری حکومەتی عێراقن.

 

باسم ئەسدی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکان و زانیارییەکان لە وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە: "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق و لایەنە ئەمنییەکان لە هەوڵی بنبڕکردنی هەوڵەکانی بەقاچاخبردنی ئینتەرنێتین کە بە شێوەیەکی نەرێنی لە ئێستادا کاریکردووەتە سەر چەندێتی و چۆنێتی خزمەتگوزارییەکانی ئەو تۆڕە لە عێراقدا."

 

وتیشی: "لە ئێستادا وەزارەتی پەیوەنییەکانی عێراق بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیکردووە بە هەڵمەتێک بۆ قەلاچۆکردن و بنبڕکردنی دزین و بەقاچاخبردنی ئەو تۆڕە".  

 

بەرپرسەکەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ئەوەشی ڕوونکردەوە: "قەیرانی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی کردوەتە سەر تۆڕی ئینتەرنێت، چونکە ئەگەر ئەو قەیرانە نەبوایە ئەوا ئەوان بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی پڕۆژەی کۆنتڕۆڵکردنی نێودەوڵەتی تۆڕی ئەنتەرنێتیان لە عێراق جێبەجێ دەکرد کە بە تەواوەتی کۆتایی بە هەوڵەکانی بە قاچاخبردنی دەدات لە عێراق".

 

ئەسەدی جەختی لەوەشکردەوە  کە "ڕێکارەکانیان بۆ چاکسازی لەماوەی داهاتوودا ئەنجامەکانی بەڕوونی بۆ هاوڵاتیانی عێراق دەردەکەوێت کە دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی تۆڕەکە  و وادەکات ئینتەرنێت بە نرخێکی هەرزان بۆ هاوڵاتیانی عێراق بەردەست بێت".

 

هاوکات، عەلا سوکەر دلفی، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەو باریەوە بە ڕۆژنامەی سەباحی وتووە: "ئەو هەڵمەتە وادەکات بۆ لەمەودوا توانای تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراق بە هێزتربێت و بەنرخێکی گونجاو و کواڵێتییەکی باش بەدەست هاوڵاتیان بگات".

 

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق داواشی لە حکومەتی عێراق کرد پەلە بکات لە وەرگرتنی ئەو گوژمە پارانە کە لە ئێستادا لە ئەستۆی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنە لە عێراق وتی:  "لە ئێستادا کۆمپانیای زەین 150 ملیۆن دۆلار، ئاسیاسێل 375 ملیۆن دۆلار و کۆمپانیای کۆڕەکیش 374 ملیۆن دۆلار قەرزداری حکومەتی عێراقن".

دلفی جەختی لەوەکردەوە کە "وەرگرتنەوەی ئەو گوژمە پارانە دەبێتە فەراهەمکردنی داهاتێکی باش بۆ وڵات بە تایبەتی لەم دۆخەدا کە عێراق و زۆربەی وڵاتانی جیهان بەدەست دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەرییەکانی قەیرانی کۆرۆناوە دەناڵێنن".