ناس کورد-
دوای مشتومڕێکی زۆر، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆببێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ بکات، بەڵام دیار نییە بڕینی موچە بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان یاخود نا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوی سێشەممەى ڕابردوو، 23ی حوزەیرانی 2020، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیری لە بڕیاری حکومەت کرد بۆ بڕینی موچەى فەرمانبەرانی بە بیانووی "باری نائاسایی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە و دابەزینی نرخی نەوت".
بەڵام دواتر ڕاگەیەنراوەکە لە میدیاکانی حزبەکە سڕایەوە و لاهور شێخ جەنگی لە تویتێکدا هەڵوێستێکی جیاوازتری دەربڕی و ڕایگەیاند، یەکێتی ناچێتە ژێرباری بڕینی موچەى فەرمانبەران و هەڕەشەی هەڵپەساردنی بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەت کرد ئەگەر هاتوو هەرێم و بەغدا ڕێکنەکەوتن.
ئەو بابەتە ناکۆکی و ڕای جیاوازی ناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەرخست، دواتر بەرپرسانی ئەو حزبە ڕایانگەیاند کە بەزووی کۆبوونەوەى سەرکردایەتی دەبەستن بۆ ڕوونکردنەوەى هەڵوێستی یەکێتی لەوبارەیەوە بەڵام کۆبوونەوەکە هەر نەکرا.
وا بڕیارە ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام هێشتا کات و ناوەڕۆکەکەی بە دیاریکراوی دیار نییە، ناس کورد پەیوەندی بە زیاتر لە حەوت ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبەوە کرد و سەرجەمیان وەڵامیان دایەوە بەڵام وتیان هیچ زانیارییەکیان لەسەر کۆبوونەوەکە نییە یاخود نەیانویست زانیاری بدەن.
سەرجەم ئەو ئەندامانەى سەرکردایەتی یەکێتی کە ناس کورد پەیوەندی پێوە کردوون دەڵێن، پێیان وتراوە نابێت هیچ لێدوانێک لەسەر کۆبوونەوەکە بدەن بەڵام سەرجەمیان دڵنیابوون کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە دەکرێت.
لەبارەى شوێن و کاتەکەى، سەرجەم ئەندامەکان ڕەتیانکردەوە زانیاری‌یان هەبێت لەو بارەیەوە و دەڵێن، چاوەڕێن دڵنیا بکرێنەوە.
دوێنێ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به میدیای فەرمی حزبەکەى ڕاگه‌یاند، بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی "دۆخی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا" تاوتوێده‌كرێن.
دەشڵێت، "پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و لامه‌ركه‌زی بۆ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و سیاسه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم و چاكسازی و په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌كان، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه و شێوه‌ی رێكخستنه‌وه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا، پرسی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه ده‌بن."
بەپێی قسەکانی ئه‌سه‌سه‌رد، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی ئامادەى کۆبوونەوەکە دەبێت و بۆ باسکردنی "دوا گۆڕانكاری پرسه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق".