گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانێکی جیاواز لە وەزیری نەوتی عێراقەوە.. ’’دەمانەوێت لەگەڵ هەرێم یەک سیاسەتی نەوتیمان هەبێت’’

2020.06.28 - 09:19
لێدوانێکی جیاواز لە وەزیری نەوتی عێراقەوە.. ’’دەمانەوێت لەگەڵ هەرێم یەک سیاسەتی نەوتیمان هەبێت’’

ناس کورد-

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەغدا پابەند دەبێت بە بڕیاری کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و دەڵێت، دەبێت هەموو کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک سیاستی نەوتی بەڕێوەببرێن بەڵام بە ڕەچاوکردنی مافە دەستورییەکانی حکومەتی هەرێم.

 

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا بۆ ڕۆژنامەی" سەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی وتی: "لە ئێستادا سێ ئامانجی سەرەکیمان خستووەتە بەرچاو بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی یەکگرتووی نەوتی لە هەموو عێراق وهەرێمی کوردستاندا لە پێناو گەشەسەندنی وڵات".

 

"سیاسەتەکەمان پێکهاتووە لە گرنگیدان بەشێوازی نەوتی دەرهێنراو لەڕووی جۆڕ وبڕ و سودی ئابوری، وەبەرهێنان لە بواری گازی سروشتی بە تایبەتی لە کیڵگەکانی پارێزگای بەسرە و بەرزکردنەوەی ئاستی پاڵاوتن و و بەرهێنان لە هەموو پاڵاوگەکانی عێراقدا".

 

جەختیشی کردەوە  کە "گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی وهەرێمی کوردستان بەردەوامن، هەرێم دەبێت پابەند بێت بە بڕیارەکانی ڕێکخراوی ئۆپیک و نابێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لە 370 هەزار بەرمیل زیاتر بێت".

 

ئیحسان عەبدولجەبار ئەوەشی خستوەتە ڕوو: "حکومەتی عێراق بڕوای بەوە هەیە کە دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەماهەنگییان هەبێت لەپەیڕۆکردنی سیاسەتێکی گشتی لە بڕیاردان وئیدارەدانی مەلەفی نەوت و لە ئێستادا دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ نۆژنکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا بەردەوامە لەگەڵ ڕەچاوکردنی دەستوری عێراق لەبرەودان بەو پەیوەندییانە".  

 

دوو پڕۆژی گەورە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا عێراق سەرقاڵی دوو پڕۆژەی  گەورەیە بۆ زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ دەرەوە، "پڕۆژەی یەکەم پێکهاتووە لە دروستکردنی بۆڕی سێیەم لە کیڵگە نەوتییەکانی بەسرە بۆ هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی دەریاوە کە تائێستا 85%ی کارەکانی تەواو بووە".

 

"پرۆژەی دووەمیش پێکهاتووە لە دروستکردنی بۆڕی نەوتی دەریایی چوارەم و پێنجەم لەگەڵ دروستکردنی سەکۆیەکی بارکردنی نەوت لە پارێزگای بەسرە کە لە چەند مانگی داهاتوودا لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵیەوە دەست بەکارەکانی دەکرێت" وەزیری نەوت وای وت.