گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەیەک زانا منداڵدانێکی دەستکرد هاوشێوەی منداڵدانی ئافرەت دروستدەکەن

2020.06.27 - 23:27
ژمارەیەک زانا منداڵدانێکی دەستکرد هاوشێوەی منداڵدانی ئافرەت دروستدەکەن

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردووە، بەمەبەستی پاراستنی ژیانی ئەو کۆرپەلانەی کە پێش تەواوکردنی سوڕی ژیانی خۆیان لە ناو سکی دایکیان لە دایک دەبن، ژمارەیەک زانا لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی منداڵدانێکی دەستکردن کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ببێت بە جێگرەوەی منداڵدانی ئافرەتان.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی: "ژمارەیک زانا و پزیشکی پسپۆڕ لە زانستی نەخۆشییەکانی نەزۆکی و منداڵبوون لە نەخۆشخانەیەکی شاری فیلادلفیا لە ئەمریکا، توانیویانە نمونەی یەکەمی منداڵدانێکی دروستکراو لە (مووشەما)ی تەنک بهێننەکایەوە کە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت بۆ لەمەودوا ژیانی ئەو کۆرپەلانە ڕزگار بکرێن کە پێش تەواوکردنی سوڕی خۆیان و وادەی سروشتی خۆیان لە دایک دەبن".

 

بەگوێرەى ڕۆژنامە بەریتانییەکە، ئەو منداڵدانە دەستکردە لە زەرفێکی مووشەما دروستکراوە وهاوشێوەی (وێڵاشی نهێنی مرۆڤ) کە لەڕێگەیەوە منداڵی کۆرپەلە لە ناو سکی دایکیدا خۆراک و ئۆکسجینی پێدەگات وێڵاشی دەستکردی بۆ دروستکراوە و لە ڕێگەیەوە ئۆکسجین و ئەو شلانەی بۆ دەڕوار کە پێویستن بۆ گەشەی کۆرپەلەکە و دووەم ئۆکسیدی کاربوونیش لەڕێگەیەوە دێتە دەرەوە". 

 

ڕۆژنامەی گاردیان لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە: "تیمە ئەمریکییەکە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دروست لەسەر داهێنانەکەیان چەندین تاقیکردنەوەیان لەسەر کۆرپەلەی بەرخ کردووە ئەو کۆرپەلانەیان لە سکی بەرخەکە لەڕێگەی نەشتەرگەری (قەیسەری)یەوە دەرهێناوە و لە ناو منداڵدانە دەستکردەکەدا داناوە بەجۆرێک تەمەنی کۆرپەڵەکە وەک تەمەنی کۆرپەلەی مرۆڤبووە لە نێوان 23 بۆ 24 هەفتە".  

 

مارکۆس دیڤی، ئەندامی تیمە ئەمریکییەکە، بەڕۆژنامە گاردیانی وتووە: "پێشبینی دەکەین ئەم جۆرە داهێنانە لە ماوەی داهاتوودا لە ژوورەکانی چاودێری چردا لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوندا بوونی هەبێت و ببێت بەجێگرەوەی ئەو (دایەن)ە ئاسایانەی کە لە ئێستادانەخۆشخانەکاندا هەن".

 

دیڤی ئاماژە بەوەشکردووە: "بۆ ئەوەی ژینگەی منداڵدانە دەستکردە هاوشێوەی ژینگەی منداڵدانی سروشتی بێت،  بۆیە لە شوێنێکی بێ ڕووناکی و تاریکی وەک ناوسکی دایک هەڵدەگیرێن، بەڵام جیاوازییەکی هەیە ئەوەش دەتوانرێت بە پێچەوانەی منداڵدانی سروشتی مرۆڤ،  دایک و باوک کۆرپەلەکەیان ببینن بە چاوی خۆیان".    

 

ماوەی دووگیانی ئافرەتان بە شێوەیەکی سروشتی 40 هەفتەیە، هەندێک جار بەهۆی دۆخێکی کتوپڕ یان بەهۆی نەخۆشییەوە بەشێک لە ئافرەتان پێش وادەی خۆیان لە هەفتەی 37 دا منداڵیان دەبێت، بەڵام هەندێکی تر لە هەفتەی 23 یان 24 دوچاری حاڵەتی منداڵبوون دەبنەوە کە ئەوەش ژیانی کۆرپەلەکە دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە، تەنانەت لە نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی جیهاندا ڕێژەی ڕزگاربوونی ئەو کۆرپەلانە 24%ە، ئەوانەشی ڕزگاریان دەبێت دواتر توشی دەیان نەخۆشی دەبنەوە، وەک هەوکردنی سییەکان، تێکچوونی دەمارەکانی مێشک، کوێربوون و بیرکۆڵی لە تەمەنی پێنج ساڵیدا.