ناس کورد-
ئەياد عەلاوى، سەرۆكی ئيئتلافى نيشتمانى پێشنيارى ئەوە دەكات سەركردايەتيەكى گشتى بۆ هێزە چەكداريەكان پێكبهێنرێت كە سوپا وهێزەكانى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە خۆ بگرێت و پەيوەست بكرێت بە مستەفا كازمى، سەركردەى گشتى هێزە چەكدارەكان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلاوى لە تويتێكدا لە هەژماری خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر نوسيويەتى: "پێشنیاز دەکەەین سەركردايەتيەكى هاوبەش كە پەيوەست بێت بە سەركردەى گشتى هێزە چەكدارەكان و سوپا و پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لەخۆ بگرێت پێكبهێنرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەگەر پێشنيارەكەمان وەربگيردرێت، ئەوا لە چەندين ئاڵۆزى ڕزگارمان دەبوو، وە نەدەگەيشتينە كێشەكانى ئێستا".
سەرۆكى ئيئتلافى نيشتمانى باسى لەوەشكردوە، ئێستا دەرفەت لەبەردەستدايە بۆ مسۆگەركردنى ئەوەى كە چەك تەنها لەدەستى دەوڵەتدا بێت و هەژمون و هەيبەتى دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە و سيستم بپارێزڕێت.
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا بەهۆى دەستگيركردنى ژمارەيەك ئەندامى كەتيبەكانى حزبوڵڵا كە لە كۆمارى ئيسلامى ئێرانەوە نزيكن، ناكۆكى كەوتوەتە نێوان گروپە ميليشياكان و حكومەتى عێراق و ئەو گروپانە داواى ئازادكردنى ئەندامەكانى حزبوڵڵا دەكەن و دواى دەستگير كردنيان ڕژانە سەر شەقامەكانى بەغدا و ناوچەى سەوزيان گەمارۆدا.
لاى خۆشيەوە حكومەتى عێراقى تەئكيد دەكاتەوە كە ئەو كەسانە ئەنجامدەرانى هێرشە موشەكيەكانى ناوچەى سەوزن و پلانى ئەنجامدانى هێرشى تريشيان هەبووە ە بە دادگا يەكلايى دەكەنەوە و كەيسەكەيان لاى دادگايە.
هەر سەبارەت بەو بابەتە، عەميد یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق تەئكيدى كردوەتەوە: ' ئۆپراسیۆنی سەر میلیشیا چەکدارەکان ئامانج لێی گەڕاندنەوەى شکۆی دەوڵەتی عێراقییە، ڕێگە بە دروستکردنی ئاژاوە و پشێویی نادەین لە عێراق، یاسا جێبەجێ دەکرێت و ڕێگە بە هیچ کردەوەيەك نادەین شکۆی دەوڵەت لەکەدار بکات."
تەئكيديشى كردوەتەوە، ئەوانەى دەستگیرکراون سەرجەمیان عێراقین و هیچ بیانییەکیان تێدا نییە، تائێستاش دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان.