گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک: چاوەڕوان مەبن بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا موچە بگەڕێتەوە بڕی ئاسایی خۆی

2020.06.27 - 22:16
پەرلەمانتارێک: چاوەڕوان مەبن بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا موچە بگەڕێتەوە بڕی ئاسایی خۆی

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا ڕایگەیاند، با موچەخۆرانی هەرێم چاوەڕوان نەبن بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا موچە بگەڕێتەوە بڕی ئاسایی خۆی و ئاماژەی بەوەکرد، بەرنامەی حکومەت ئەوەیە ئەو پارەیەی لە بەغداوە وەریدەگرێت بەشی موچە بکات و هیچی نەخاتەسەر.

 

ڕێبوار کەریم مەحمود، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "لەماوەی رابردودا هەرێم چەندین رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا کردوە، لەهەمویاندا پێویست بوە سەرەتا هەرێم نەوت بنێرێت و دواتریش بەغدا شایستە داراییەکان بە هەرێم بدات، بەڵام هیچ جارێك نەوتی نەناردوە، واتە هەرێم دەستپێشخەر بوە لە پابەندنەبون".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێستا هەق وانیە موچەخۆران زۆر خۆیان بە رێککەوتنی هەرێم و بەغداوە سەرقاڵ بکەن، چونکە هەر رێککەوتنێکیش بكرێت و پارەش لەبەغداوە بێت، تازە هەرێم بڕیاری داوە بە چەند قۆناغێک موچە بۆ کەمدەکاتەوە".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەرنامەی هەرێم ئەوەیە ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت بەتەنها بەشی موچە بکات و هیچ پارەیەکی نەخاتەسەر، ئەگەر رێکبکەون لەباشترین حاڵەتدا بەغدا نزیکەی 500 ملیار دینار دەدات بە هەرێم، هەرێمیش بەم لیستەی ئێستای موچەخۆران پێویستی بە نزیکەی 900 ملیار دینار هەیە، کەواتە چاوەڕوان مەبن بە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا موچە بگەڕێتەوە بڕی ئاسایی خۆی".

 

ڕێبوار کەریم دەشڵێت: " تەنها چارەسەری راستەقینە گواستنەوەی موچەی موچەخۆرانە لە هەرێمەوە بۆ سەر بەغداو کۆتاییهێنانە بەم یارییە ناشیرینە بە نانی خەڵکەوە".

 

ئەو پەرلەمانتارە بۆ گرتنەبەری ئەو ڕێگایەش ئاماژەی بەوەکردوە: "پێویستە موچەخۆران واژوویەکی زۆری پاڵپشتی کۆبکەنەوە، لەڕێی حزبەکانیانەوە فشاربکەن بۆ ناچارکردنی هەرێم لەسەر گواستنەوەی موچەکانیان و ئێمەش هەوڵەکانمان بەردەامە، دڵنیاشبن هەرێم ناچار دەبێت ئەو کارە بکات".

 

ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2020، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستی بەدابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵ کرد و بەهۆی کورتهێنانیشەوە لەپارەی موچە، بڕێک لە موچەکەی بڕی.