گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چاودێری کۆمەڵایەتیی سلێمانی لەسەر دەستدرێژیکردنەسەر منداڵیکی 10 ساڵ هاتەدەنگ

2020.06.27 - 21:46
چاودێری کۆمەڵایەتیی سلێمانی لەسەر دەستدرێژیکردنەسەر منداڵیکی 10 ساڵ هاتەدەنگ

ناس کورد-

لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنەسەر منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە گەڕەکێکی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، منداڵەکەیان بردووەتە ماڵی نەوجەوانانی کچان و بەدواداچونی یاساییش بۆ دۆسییەکە دەکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی سلێمانی ڕایگەیاند: " لەلایەن‌ ژمارەیەک لە چالاکوانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و دەزگای‌ ڕاگەیاندن لە‌ کێشەی‌ منداڵێکی‌ تەمەن 10 ساڵان لە سلێمانی‌ ئاگادارکراین".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەمڕۆ شەممە، تویژەرانمان لە بەشی‌ (پارێزگاری‌ خێزان) لە دیوانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی ‌‌و (بەڕێوەبەرایەتی‌ چاودێری‌ کۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌) سەردانی‌ ئەو خێزانەیان کرد و پاش تێگەیشتن و تاوتوێکردنی‌ کێشەکە بڕیاردرا ئەو منداڵە لەو ژینگەیەی‌ تێیدا دەژی‌ دوور بخرێتەوە".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو: "هەربۆیە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئێستەدا‌ منداڵەکە لە ماڵی‌ (نەوجەوانانی‌‌ کچان) حەوێنراوەتەوە، پاشان بەدواداچوونی‌ لایەنی‌ تەندروستی‌ منداڵەکە دەکرێت ‌و خزمەتگوزاری‌‌ دەروونی‌‌ و کۆمەڵایەتی‌ پێشکەش دەکرێت".

 

جەختیشکراوەتەوە: " بەهاوکاری‌ دادگای‌ نەوجەوانان بەدواداچوونی‌ لایەنی‌ یاسایی‌ دۆسیەکە دەکەین ‌و لە ئایندەشدا هەوڵدەدەین بە لەبەرچاوگرتنی‌ بەرژەوەندی‌ باڵای‌ منداڵەکە و خێزانەکەى، چارەسەری‌ گونجاوتر بدۆزینەوە".