گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنەی مانگە دەستکردەکان ڕاستیی تەقینەوەکەی تاران ئاشکرادەکەن.. باسی چەکی ئەتۆمی دەکرێت

2020.06.27 - 21:10
وێنەی مانگە دەستکردەکان ڕاستیی تەقینەوەکەی تاران ئاشکرادەکەن.. باسی چەکی ئەتۆمی دەکرێت

ناس کورد-

بەپشت بەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان، لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان پێشبینی دەکەن ئەو تەقینەوە توندە کڵپەدارەی کە بەربەیانی دوێنێ هەینی لە نزیک تارانی پایتەختی ئێران ڕوویدا لە دامەزراوەیەکی پەرپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە بووە.

 

 لە بەربەیانی دوێنێ هەینی 26ی حوزەیرانی 2020، تەقینەوەیەکی تووندی کڵپەدار لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەختی ئێران ڕوویدا، بەگوێرەی شیکاریەکان تەقینەوەکە لە زنجیرەیەک تونێلی تایبەت بە دروستکردن و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتەدا ڕوویداوە کە دەکەونە ژێر زەوی، بەڵام تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکانی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەو شوێنەی کە تەقینەوەکەی تێدا ڕوویداوە لە ماوەى دوو دەیەی ڕابردوودا ئێران دەیان جار تاقیکردنەوەی لەسەر ئەو ئامرازانە ئەنجامداوە کە هۆکارن لە پەرپێدانی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی.

 

هاوکات بەگوێرەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران تەقینەوەکە لە چیاکانی (بەرز)  کە تەنها 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری تارانەوە دوورە ڕوویداوە، هێزی تەقینەوەکە دەرگاو پەنجەرەی شارەکەی هێناوەتە لەرزین و ڕووناکی و کڵپەی ئاگری تەقینەوەکەش بەڕوونی لە هەموو ئاسمانی تاراندا بینراوە.

 

داود عەبدی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران، پاش تەقینەوەکە ڕایاگەیاند: " بەهۆی تەشەنەکردن و لێچوونی غازەو تەقینەوەکە لەناوچەیەکی گشتییدا ڕوویداوە و هیچ قوربانییەکیشی لێنەکەوتووەتەوە".

 

بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، دەرکەوتووە سەدان مەتر لە دەوربەری ناوچەی تەقینەوەکە لە ( خۆجێر)  سوتاوە، بەراورد بەوێنەکانی ئەو ناوچەیە  کەلە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن مانگە دەستکردەکانی ئەمریکاوە گیراون جیاوازییەکی زۆر هەیە.

 

فابیان هێنز، لێکۆڵەر لە ناوەندی "جیمس مارتن"ی ئەمریکی بۆ توێژنەوەکانی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، دەڵێت: "تەقینەوەکە لە بەشێکی تایبەت بە دامەزراوەی (شەهید بیکری) کە تایبەتە بە دروستکردنی ئەو ڕۆکێتانەی کە بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکەن ڕوویداوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لێداوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران جێی گۆمانە کە دەڵێت تەقینەوەکە لە شوێنێکی گشتیدا ڕوویداوە، چونکە ئەگەر شوێنەکە گشتیی بێت بۆ ئەو هەموو فەرماندە و سەربازانە لەوە شوێنەدا بینراون  کە دەبوایە تەنها تیمەکانی ئاگرگوژینەو لەو شوێنەدا بوونیان هەبێت".

 

بەگوێرەی شیکارییەکانی ناوەندی توێژنەوە ستراتیژییەکان و نێودەوڵەتییەکانی  ئەمریکا لە واشنتۆن: "  ناوچەی خۆجێر زنجیرەیەک تونێلی تێدایە کە بۆ دروستکردن و پەرپێدانی چەکی ئەتۆمی بەکاردەهێنرێت، وێنەکانی مانگە دەستکردەکانیش ئەوەیان بەروونی ئاشکراکردووە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵکری ئەمریکا: "ئێران لە ئێستادا گەورەترین دامەزراوەی پەرپێدانی چەکی لە ژێر زەویدا هەیە کە بە گەورەترین دامەزراوە دروستکردنی  موشک دادەنرێت لە سەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".

 

دەزگای هەواڵکری ئەمریکا لە ساڵی 2019 ئەوەی ئاشکرا کردووە: " ناوچەی خۆجێر ناوچەیەکی سەربازییە تایبەتە بە پەرەپێدانی موشەکە بالستییەکانی ئێران".  

 

سەرباری  ئەوەی ئێران چەندین جار ڕەتیکردوەتەوە لە هەوڵی ئەودا بێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، بەڵام ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم ئەوەی ئاشکراکردووە  ئێران لە ساڵی2003 وە سەرقاڵی پەرپێدانی بەرنامەی ئەتۆمییە کە گۆمانی ئەوەش هەیە  نیازی بێت لە بواری سەربازیدا بەکاربهێنێت، ئەوەش وایکرد مەترسی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو پرسە دروست بێت، بۆیە لە ساڵی 2015  وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتن  لەگەڵ ئێران بۆ سڕکردن و کەمکردنەوەی  بەرنامە ئەتۆمییەکە، بەڵام ئەمریکا لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 دا لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتدا سەپاند.

 

https://twitter.com/i/status/1276269323527639041