گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا لەسەر بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنی سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا هاتەدەنگ

2020.06.27 - 20:51
ئەمریکا  لەسەر بەشداریکردنی لە ئۆپەراسیۆنی سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە بەغدا هاتەدەنگ

ناس کورد-

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، لێدوانەکانی باڵوێزی وڵاتەکەیان لە کوەێت سەبارەت بە بەشداریکردنی سوپای ئەمریکا لە هەڵکوتانە سەر بارەگای حەشدی شەعبی و دەستگیرکردنی بەشێک لەفەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵا دروستکراوە و مەرامی نەگریس و گڵاوی لە پشتەوەیە.

 

ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2020، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووە و تیایدا ڕایگەیاند،  ئەو لێدوانانەی کە بەناوی ئیلینا ڕۆمانۆسکی، باڵوێزی ئەمریکا لە وڵاتی کوەیت بڵاوکراوەتەوە کە گوایە وتویەتی: "هێزێکی ئەمریکا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی بەشێک لەفەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵایان کردوە"، دروستکراون و ساختەن و ڕۆمانۆسکی بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدوانێکی  لەو شێوەیەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وڵاتی  کوەێت نەداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ئەو لێداوانەی کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی عێراق بڵاوبوەتەوە دوورە لە ڕاستییەوە، ڕۆمانۆسکی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە هیچ شێوەیەکیش دیمانەی تەلەفزیۆنی یان لێدوانی ڕۆژنامەوانی بۆ هیچ دەزگایەکی وڵاتی کوەیت نەداوە، ئەوەشی بڵاوکراوەتە شتێکی دروستکراوە و مەرامێکی نەگریس و گڵاوی لە پشتەوە هەیە".

 

درەنگانێکی شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو هێزێکی دژە تیرۆری عێراق بە فەرمانی  مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵیکوتایە سەر بارەگاکانی  بەشێک لەو میلیشیایانەی کە دەستیان لەهاویشتنی کاتیوشا و موشەک هەبوە بۆسەر باڵیۆزخانەکان و لەئەنجامدا ژمارەیەک چەکدار و فەرماندەیان دەستگیرکرد، دواتر بەشێک لەمیدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، کە هێزێکی ئەمریکاش لەو ئۆپەراسیۆنانەدا بەشدارییان کردوە.