گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكیشیان پێنەداوین

یەکێتی لەکوێی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی دهۆکدایە.. ئۆپۆزسیۆن یاخود میوان؟

2020.06.27 - 17:01
یەکێتی لەکوێی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی دهۆکدایە.. ئۆپۆزسیۆن یاخود میوان؟

ناس كورد - تایبەت

لە گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی حكومەتی خۆجێی دهۆكدا كە پارتی ماوەیەکە دەستی پێكردووە و بڕیارە زۆربەی پۆستەكان بگۆڕێت، یەكێتی لەو پارێزگایە نیگەرانە و دەڵێت، پارتی بێ بەشیان دەكات لەو حكومەتە و ئەوانیش بەرپرسیارێتی كارەكانی حكومەت هەڵناگرن وبەشدارنین تیایدا.

 

پێنجشەممەى ڕابردوو، 25ی حوزەیرانی 2020، ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەنگیدا بە دانانی عەلی تەتەر وەک پارێزگاری شارەکە، هەروەها شڤان شێخۆ، کارگێڕی لقی ھەشتی پارتی لە زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلان ئەوەیە گۆڕانکاری لە حکومەتی خۆجێی دھۆکدا بکرێت و چەند بەرپرس و بەڕێوەبەرێکی دیکە بگۆڕدرێن، بەڵام ئێستا ناوەکان یەکلانەبوونە کە کێ کام پۆست وەردەگرێت."

 

لەو بارەیەوە، دڵدار زاخۆی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی 4ی یەكێتی لە شاری دهۆك تایبەت بە ناس كوردی ڕاگەیاند، "هیچ ڕێكکەوتنێكمان لەگەڵ پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی خۆجێی دهۆكدا نییە بۆیە هیچ پۆستێكمان بەرناكەوێت."

 

وتیشی، "هەرچەندە ئێمە بەشدارین لە كابینەی نۆیەمی حكومەت، بەڵام پارتی بە بیانوی بێبەشبوونی لە پۆستەکانی پارێزگای هەڵەبجە ئامادە نیە پۆست بە یەکێتی بدات لە دهۆک، چەندین جاریش داوامان كردووە مادام ئێمە بەشداری حكومەتین وەرگرتنی چەند پۆستێک بە شایستەی خۆمان دەزانین."

 

هەرچەندە یەكگرتووی ئیسلامی لە حكومەتی هەرێمدا بەشدار نییە و ئۆپۆزسیۆنە، بەڵام لە حکومەتى خۆجێی دهۆکدا بەشدارە و بەڕێوەبەری گشتی و پۆستی جێگری پارێزگایان هەیە.

 

دڵدار زاخۆی دەشڵێت، پارتی كارنامەی گۆڕانكاریەكەشی دیار نییە و هێشتا نازانرێت چۆن ئەنجامیدەدات، بەڵام ئەوەی كە دیارە باس لەگۆڕانكاری ئیداری فراوان لە ناوچەكە دەكرێت.

 

میدیای فەرمی پارتی بڵاویکردەوە، گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی دهۆك حكومەتی خۆجێی دەگرێتەوە و چەندین پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەری گشتی دەگۆڕدرێن.

 

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی لە دهۆك ئەوەشی ڕوونكردەوە، لە 2003ەوە کە یەكێتی گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەكە هێشتا یەك پۆستی ئیداری بەرنەكەوتووە، نەك پۆستە باڵاكان لە پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەرە گشتیەكان بەڵكو پۆستی بەڕێوبەری قوتابخانەیەكی سەرەتایشی نییە.

 

یەکێتی دوو ئەندامی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هەیە.

 

لە وەڵامی ئەوەی یەكێتی ئێستا لە دهۆك دەسەڵاتە، میوانە یاخود ئۆپۆزسیۆن، دڵدار زاخۆی  وتی، "ئێمە هیچ دەسەڵاتێكمان نییە، بۆیە ناتوانین بەرگری لەم دەسەڵاتە خۆجییە بكەین و بەرپرسیارێتی كارەكانی هەڵگرین، هەر هەڵەیەك یاخود گەندەڵیەك هەبێت ناتوانین بەرگری لێبكەین و بەرپرسیارێتیەكەی هەڵبگرین."

 

ئەوەشی دركاند، هەرچەندە پارتی لە پارێزگای هەڵەبجە پێگەیەكی بەهێزی نییە یەكێتی پێشنیازی پۆستی باشی بۆكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی یەكێتی لە دهۆك بێبەش بكات داوای پۆستی باڵای گەورەی دەكرد كە مافی خۆیان نەبوو.