گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا گەمارۆى نەوت دەداتەوە و نرخەکەى دەشکێنێت

2020.06.27 - 15:22
کۆرۆنا گەمارۆى نەوت دەداتەوە و نرخەکەى دەشکێنێت

ناس کورد-

کاریگەرى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆ سەر ئابورى بەقوڵتر لەوە دادەنرێت کە چاوەڕواندەکرا، بە پێچەوانەى کاریگەرى پەتاکانى دیکە لەدورمەودادا، بەڵام ئێستا کاریگەرییە زۆرەکەى لەسەر نرخی نەوتە بە تایبەتى لە بازاڕەکانى ئەمریکا.

 

دواى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لە بازاڕەکانى ئاسیا، جارێکى تر نرخەکەى ڕووى لە دابەزین کردەوە، بەهۆى هەڵکشانى گەورەى ژمارەى تووشبووانى ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا و چین، لەگەڵ بوونى ترس لەبارەى زیادبوونى ئاستى بەرهەمهێنان لە ئەمریکا، لەکاتێکدا هێشتا نەوتى کۆگاکراو لە ئاستێکى پێوانەییدایە.

 

نرخى گرێبەستە دواخراوەکانى نەوتى برێنت بۆ 41.02 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزى، کە دەکاتە ڕێژەى لەسەدا یەک لەسەر ئاستى هەفتانە، هەروەها نرخى نەوتى خۆرئاواى تەکساس بۆ 38.49 دۆلار دابەزى، کە لەسەر ئاستى هەفتەکە دەگاتە %1.6.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، نرخى نەوت رۆژى هەینى رووى لەبەرزبوونەوە کرد و بەردەوامیدا بە دەستکەوتەکانى بەهۆى پێشبینى بەرزبوونەوەى خواست لەسەر وزە لەجیهاندا.

 

شیکەرەوان دەڵێن، وێنەى مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە بوژانەوەیەکى بەهێز هەیە بۆ زیادبوونى جموجۆڵى هاتوچۆ لە چین و ئەوروپا و سەرتاسەرى ئەمریکا، ئەوەش ئاماژەیە بۆ زیادبوونى خواست لەسەر وزە.

 

بەپێی ئامارەکانى کۆمپانیاى توم توم بۆ تەکنەلۆژیا، قەرەباڵغى لە شەنگەهاى لەچەند هەفتەى کەمى ڕابردوودا بەراورد بە هەمان وادەى ساڵى ڕابردوو زۆر زیاتر بووە، هەروەها جموجۆڵ لە مۆسکۆ گەڕاوەتەوە بۆ ئاستى ساڵى ڕابردوو.

 

بەڵام ترس هەیە لەوەى زیادبوونى ئامارى توشبوون بە کۆرۆنا لەویلایەتەکانى باشورى ئەمریکا، بێتە هۆى کەمبوونەوەى خواست، بەتایبەتى ویلایەتەکانى وەکو فلۆریدا و تەکساس کە بە دوو گەورەترین ویلایەتى بەکاربەرى بەنزین دادەنرێن.