گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا ئاستى داواکارییەکانى بەرزکردووەتەوە

پەرلەمانتارێک باس لە چارەسەرێکى مامناوەند دەکات بۆ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا

2020.06.27 - 10:14
پەرلەمانتارێک باس لە چارەسەرێکى مامناوەند دەکات بۆ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

 

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لەدانوستانەکاندا لەگەڵ هەرێم بەغدا ئاستى داواکارییەکانى بەرزکردووەتەوە و لەسەر بڕە پارەى تایبەت بە موچەى فەرمانبەران نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن، بەڵام ئەگەر هەیە بگەنە چارەسەرێکى مامناوەند.

 

هەفتەى ڕابردوو شاندێکى باڵاى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەت چوونەوە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانى عێراق کۆبوونەوە بەئامانجى گەیشتن بەرێککەوتن لەسەر نەوت و بودجە.

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاند "بەراورد بە دانوستانەکانى ساڵى ڕابردوو بەغدا ئاستى داواکارییەکانى بەرزکردووەتەوە و داواى کۆى داهاتى نەوتى هەرێم دەکات، ئەوەش بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە".

 

لەدانوستانەکانى پێشوودا کە لەنێوان هەرێم و حکومەتى کاربەڕێکەرى عادل عەبدولمەهدیدا بەرێوەچوون، بەغدا داواى 250 هەزار بەرمیل نەوتى دەکرد و هەرێمیش رەزامەندى نیشاندا، بەڵام لەدانوستانەکانى ئەمجارە کە یەکەمجارە لەگەڵ کابینەى نوێ بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى بەڕێوەدەچن داواى کۆى داهاتى نەوت دەکات.

 

شیروان میرزا باسى لەوەکرد، هەروەها بەغدا داواى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکانى هەرێمیش دەکات، بۆ هەردوو داواکارییەکەش هەرێم رەزامەندە، بەڵام لەسەر ئەو بڕە پارەیە رێکنەکەوتوون کەهەرێم بۆ موچەى فەرمانبەران داوایدەکات.

 

رونیشیکردەوە "هەرێم داواى 800 بۆ 850 ملیار دینار دەکات بۆ موچەى فەرمانبەران، بەڵام بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و نەبوونى سیولەوە بەغدا رازى نییە بەو بڕە پارەیە".

 

بەوتەى شیروان میرزا، چاوەڕواندەکرێت هەردوولا لەسەر چارەسەرێکى مامناوەند رێکبکەون و بەغدا 600 ملیار دینار بۆ موچەى فەرمانبەران بنێرێت.

 

"هەردوولا لەیەکتر نزیکن و ئەگەرى رێککەوتن هەیە، بەتایبەت کە کێشەکەیان لەسەر 200-250 ملیار دینارێکە ئەوەش زۆر نییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەغدا بەهۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە دەڵێت پارەى پێویستى لەبەردەستدا نییە"، شیروان میرزا وایوت.