گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەجەکە: تورکیا دەیەوێت یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیش دەستەمۆ بکات

2020.06.26 - 20:50
کەجەکە: تورکیا دەیەوێت یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانیش دەستەمۆ  بکات

ناس کورد-

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سلێمانی بەمەبەستی دەستەمۆکردنی یەکێتییە و دەشڵێت، تورکیا ناتوانێت پەیوەندی یەکێتی و پەکەکە تێکبدات، ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا هەمووکات دەڵێت: "سیاسەتی پارتی بەدڵە و دەیەوێت یەکێتیش وابکات".

 

ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2020، لەڕاگەیەندراوێکدا هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند: "دەوڵەتی تورکیا بە هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە هێرشدەکاتەسەر هەر هێزێکی سیاسی وڵات و گەلەکەمان کە سەریان لەبەری دانانەوێنن، بۆیە پێویستە هیچ کەس و لایەنێک هاوکاری ئەو دەوڵەتە فاشیست و داگیرکەر نەکات."

 

کەجەکە جەخت دەکاتەوە، لە کاتێدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە باکوری کوردستان درێژە بە سیاسیەتی لە ناوبردنی گەلی کورد دەدات و لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان و شەنگال و مەخموریش بەردەوام هێرش ئەنجام دەدات، دوژمانایەتی خۆشی بۆ شاری سلێمانی ڕاگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەهات کە وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "کاریگەری پەکەکە لە سەر سلێمانی هەیە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی کە لە سەرەتاوە تا ئێستا بەردەوام شوێنی وڵاتپارێزان و ڕووناکبیران بووە و یەکێکە لە شارە سەرەکیەکانی کوردایەتی و هەمیشە تامەزرۆی پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی بووە و هەمیشەش خۆی نۆژەن دەکاتەوە، بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە دیاریکراوی هێرش دەکاتە سەر ڕابردوو و ئیستا و داهاتووی ئەو شارە.

 

هاوکات کەجەکە باسی لە کەسایەتی مام جەلال و دۆستایەتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا کردووە و ڕایگەیاندوە: "ئەو دۆستایەتیە تا دوایین ساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو و بەرلە نەخۆشکەوتنی دەستی بە کەمپەینی ئازادکردنی رێبەر ئاپۆ کرد بوو، مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ تەڤگەرەکەمان هەبوو و ئەو پەیوەندیەشیان بۆ نێو شاری سلێمانی گواستبوویەوە و ئەنجامی ئەوەش لەو شارە و باشوری کوردستان بەگشتی خۆشەویستیەک بۆ پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ ئافڕێنرا، مام جەلال و ڕێبەر ئاپۆ لە سەر بناغەیەکی باش پەیوەندیەکانی پەکەکە و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیان داڕشت و بونیاتنا".

 

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە: "ئێمەو وەک کەجەکە دەزانین، کە گوشاری ڕژێمی تورکیا لە سەر پارت و لایەنەکانی باشوری کوردستان هەیە و هەوڵ دەدات بیاندات بە گژی پەکەکەدا، ئەو گوشارەش بە تایبەتی لە پارتی و یەکێتی دەکرێت، دەوڵەتی تورک هەمیشە ڕایدەگەیەنیت: 'بە سیاسەتی پارتی شادمانە و دەیەوێت یەکێتیش هەمان سیاسەتی پەدەکە پەیڕەو بکات'، ئەو هێرشەی سەر سلێمانیش بەهەمان ئامانجە و دەیەویت یەکێتیش دەستەمۆبکات و دژی پەکەکە بەکاری بهێنێت".

 

جەختیشیکردووەتەوە: "ڕاستە پەکەکە و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دوو پارتی جودان، بەڵام هەر کاتێ پێویست بکات ڕەخنەشی لێدەگرین، پێداگیرین کە گوشار و هێرشەکانی ڕژێمی تورکیا ناتوانن یەکێتی و پەکەکە ڕووبەڕووی یەکدی بکەنەوە".

 

ڕونیشیکردووەتەوە: "وادیارە لە ئێستا بەدواوە ڕژێمی تورکیا هێرشی لەو جۆرە بۆ سەر ناوچەکانی نزیک سلێمانی ئەنجام بدات، ئەگەر گەل و لایەنەکان لە دژی ئەو هێرشانە بەخۆ نەکەون، ئەوا هێرشەکان فراوانتر دەبن، بێگومان خۆشەویستی چین و توێژەکانی گەلی باشوری کوردستان بۆ ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی کوردستان، ئەو هێرشانە مایە پووچ دەکاتەوە. هەمان هەست و خۆشەویستی بێگومان لە شار و ناوچەکانی دیکەی هەر چوار بەشی کوردستان بۆ پەکەکە و ڕیبەر ئاپۆ هەیە، لە نێو سیاستەمداران و ڕۆشنبیرانی کورددا دۆستانی پەکەکە هەن، کە یەک لەوان شاعیری گەورەی سلێمانی و گەلەکەمان شیرکۆ بێکەس بوو و ئەو دۆستێکی زۆر هێژای ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە بوو'.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کەجەکە لێدوانەکانی وەزیر دەرەوەی تورکیا گرێ دەداتەوە بە فراوانکردنی هیرش و پیلان داگیرکەرانەکانی تورکیا و قەڵسبوونی بەرامبەر بە سلێمانی کورد و پێوایە گەلی کورد و هیزە سیاسیەکانی بەرەنگاری هێرشەکان ببنەوە و مایەپووچیان بکەنەوە، جەخت دەکاتەوە کە چاوشئۆڵو چیدەکات با بیکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت کوردان بدات بە گژی یەکدیدا و خەڵکی سلێمانی و گەلی کورد بەرنگاری ئامانج و پیلانەکانە داگیرکاریەکان دەبنەوە و ڕێکسەکەی دەوڵەتی تورکیا و چاوشئۆغلو دەکەنەوە بەخوری.