گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پژاک لەسەر هێرشەکەی دوێنێی کونەماسی ڕونکردنەوە دەدات.. هەڤاڵێکمان شەهید بوو

2020.06.26 - 16:24
پژاک لەسەر هێرشەکەی دوێنێی کونەماسی ڕونکردنەوە دەدات..  هەڤاڵێکمان شەهید بوو

ناس کورد-

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەسەر هێرشەکەی دوێنێی سەر سەیرانگای کونەماسی هاتەدەنگ و رایگەیاند، ئەندامێکیان لە هێرشەکەدا شەهید بووە.

 

ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2020، مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند: " كاتژمێر 5:00ی پاشنیوه‌ڕۆی دوێنێ لە سەیرانگای کونەماسیی سەربە شارباژێر، گروپێک له‌ هەڤاڵانمان لەکاتی گەڕانەوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا بوونە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " لە ئەنجامی ئه‌و هێرشه‌دا کۆمەڵێک هاوڵاتی باشوری کوردستان کە بۆ سەیران لەو شوێنە بوون، بوونە ئامانج و هەروەها زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر به ماڵ و سامانی خەڵک گه‌یشتووه".

 

پژاک ڕاشیگەیاندووە: "بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەیەوە هەڤاڵێکمان گه‌یشته‌ پلەی بەرزی شەهادەت و سێ هەڤاڵیشمان بریندار بوون".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: " وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هیوای شیفای بەپەلە بۆ بڕینداران ده‌خوازین و لە داهاتوویەکی نزیكدا زانیاری وردتر سەبارەت به‌ چۆنێتی ئەو رووداوە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەینەوە".