گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سوپای عێراق وردەکاری ئۆپراسیۆنەکەى دوێنێ شەوی بەغدای بڵاوکردەوە: گروپە چەکدارەکان پلانی هێرشیان هەبووە

2020.06.26 - 14:23
سوپای عێراق وردەکاری ئۆپراسیۆنەکەى دوێنێ شەوی بەغدای بڵاوکردەوە: گروپە چەکدارەکان پلانی هێرشیان هەبووە

ناس کورد-

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانى عێراق ڕاگەيەنراوێكى لەسەر ڕوداوەكانى شەوى ڕابروو بڵاوكردەوە و جەختی کردەوە کە "ئەو ئەندامانەى ميليشياكان كە دەستگيركراون پێشتر ناوەندە حكوميەكانيان لە ناوچەى سەوز كردوەتە ئامانج و نيازيان هەبووە هێرشى تريش ئەنجام بدەن.

 

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەياننامەكەيدا ئاماژەى بەوەداوە، "گەلى عێراق و جيهانيش لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوو سەرقاڵبوون بە بەئامانجگرتنى پێگەكانى دەوڵەت و پێگە سەربازیيەكان و سەربازگە عێراقيەكان و باڵيۆزخانەى وڵاتان كە لەلايەن دەوڵەتەوە پارێزراون، كە كاريگەرى نەرێنی كردوەتە سەر ئاسايشى نيشتمانى عێراق، بۆ ئەوەى هاوڵاتيان و ڕاى گشتى ئاگادار بن ئەم وردەكاريانە دەخەينەڕوو كە لە شەوى 26 لەسەر 25ى حوزەيران ڕووياندا."

 

ئاماژە بەوەدراوە، زانيارى هەواڵگرى ورد هەبوو لەسەر ئەو كەسانەى كە پێشتر ناوچەى سەوز و فڕۆكەخانەى نێودەوڵەتى بەغدايان چەند جارێك كردبووە ئامانج، دەزگا تايبەتيەكان ئەوەيان ئاشكرا كرد كە نيازى ئەوەيان هەيە كە جارێكى تر ناوەندە حكوميەكان لە ناوچەى سەوز بكەنە ئامانج.

 

ڕونيشكراوەتەوە، بە هەوڵى هەواڵگرى شوێنى ئەو گروپە دەستنيشان كران و لەلايەن دادگاى عێراقى و ياساى دژە تيرۆر پەڕاوى دەستگيركردنيان بۆ دەركرا و دەزگاى دژە تيرۆر ڕاسپێردران بەو ئەركە بۆ دەستگيركردنيان پێش ئەوەى هيچ كارێكى تيرۆرستى تر دژى دەوڵەت ئەنجام بدەن، ئەو دەزگايەش ئەركەكەى بە شێوەيەكى پيشەيى باڵا ئەنجامداو 14 كەس دەستگير كرا كە تەواوى گروپەكەن و دەست بەسەر دوو سەكۆى هەڵدانى موشەكيشدا گيراوە.

 

سەركردايەتى پرۆسە هاوبەشەكان تەئكيديشى كردوەتەوە، دواى تەواوبونى پرۆسەكە ليژنەيەكى لێكۆڵينەوە بەسەرۆكايەتى وەزارەتى ناوخۆ و ئەندامێتى دەزگا ئەمنيەكان پێكهێنرا، هەروەها تۆمەتباران ڕادەستى لايەنى ئەمنى تايبەتمەند كراون تا ئەو كاتەى كە لێكۆڵينەوەكان تەواو دەبن و دەدرێنە دەست لايەنى دادوەرى.

 

ئەوەش هاتوە، هەر دواى پرۆسەكەش گروپە چەكداريەكان بە ئۆتۆمبێلى حكومى و بەبێ ڕەزامەندى فەرمى بە شێوەيەكى خێرا دەستيان كرد بە جوڵە بەرەو دامەزراوە حكوميەكانى ناوچەى سەوز و دەرەوەى و لە يەكێك لە بارەگاكانى دەزگاى دژە تيرۆر نزيك بوونەوە، ئەو لايەنانە نايانەوێت كە ببنە بەشێك لە دەوڵەت و پابەندبن  و هەوڵى ئەوە دەدەن كە لە دەرەوەى دەسەڵاتى سەركردەى گشتى هێزە چەكدارەكان و دەستور و ياساكان بن.

 

سەركردايەتيەكە دەشڵێت، لەكاتێكدا كە تەئكيد لە مەترسى ئەو هەڵسوكەوتانە دەكەينەوە كە هەڕەشەن لەسەر ئاسايشى دەوڵەت و سيستمى سياسى و ديموكراتى، ئەو لايەنانە تواناكانى دەوڵەت بەكاردەهێنن كە ناكرێت لەژێر هيچ پاساوێكدا ڕێگەيان پێ بدرێت، تەئكيديش لەسەر سوربون لە بەديهێنانى ئاسايشى گەلى عێراق و ڕادەستكردنى بابەتەكە بە دادگا دەكەينەوە.