گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

میلشیاکانی نزیک لە ئێرانیش ناوچەى سەوزیان گەمارۆ دا

بەغدا شەوێکی ئاڵۆزی بەڕێکرد.. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران

2020.06.26 - 09:39
بەغدا شەوێکی ئاڵۆزی بەڕێکرد.. هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران

ناس کورد-

شەوی ڕابردوو و لە پێشهاتێکی نوێ و دەگمەندا لە مێژووی عێراقی دوای سەدام، هێزێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگری و دەزگای دژە تیرۆری عێراقی هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی میلشیاکانی حەشدی شەعبی لە باشوری بەغدا و سێ سەرکردە و چەند ئەندامێکیان دەستگیرکرد.

 

هەر دوای ئەو ڕووداوە، ميليشياكانى نزيك لە ئێران لەناو شارى بەغدا بڵاوبوونەوە و ناوچەی سەوزیان گەمارۆ دا.

 

پێگەى "الحرة"ی ئەمریکی لەزارى چەند سەرچاوەيەكەوە بڵاويكردوەتەوە، عەبدولعەزيز محەمەداوى ناسراو بە "ئەبو فدك" سەركردەى كەتيبەكانى حزبوڵا و ئەبو زەينەب لامى سەركردايەتى ميليشياكان دەكەن و كۆشكى كۆمارى و بارەگاى دەزگاى دژە تيرۆريان گەمارۆداوە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ فشاخستنەسەر حکومەت تاوەکو ئەندامەکانیان ئازاد بکەن، بەڵام ئەم زانیارییە دواتر ڕەتکرایەوە.

 

بەپێى زانياريەكانى میدیا عێراق و نێودەوڵەتییەکان، درەنگانێكى شەوی پێنجشەممە هێزە ئەمنيەكان هەڵيانكوتايە سەر بارەگاى كەتيبەكانى حزبوڵڵا لە باشورى شارى بەغدا و سێ سەركردەى ئەو ڕێكخراوەيان دەستگير كرد، هەروەها دەستيان بەسەر چەند موشەكێكدا گرت كە ئامادەبوون بۆ هەڵدان.  

لاى خۆشيەوە ئاژانسى "فرانس پرێس" بڵاويكردوەتەوە، هێزێكى دەزگاى دژە تيرۆر 13 ئەندامى ئەو ميليشيايەيان دەستگيركردوە ئەوەش بەهۆى هێرشە موشەكيەكانەوە بۆ سەر بەرژەوەنديەكانى ئەمريكا لە عێراق.

 

هاوکات ڕۆیتەرز کە هەنگاوەکەى مستەفا کازمی بە کارێکی "بوێرانە" ناودەبات کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نمونەى نەبووە دەڵێت، چەند سەرچاوەیەک دەڵێن دواتر دەستگیرکراوەکان رادەستی بەشی هەواڵگری حەشدی شەعبی کراونەتەوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی تر ڕەتی دەکەنەوە و دەڵێن هێشتا لە دەستی هێزە ئەمنییەکاندان.

 

وا دەردەكەوێت ئەم هەنگاوە پێشبينى نەكراوە ميليشياكانى توڕە كردوە كە پێيان وابوو لەسەرەوەى ياسان و ئەوەش گرژيەكانى لە بەغدا زياد كردوە و هەوڵى ئەوە دەدەن حكومەت بترسێنن بۆ ئەوەى دەستگيركراوەكانيان ئازاد بكرێن.

بەپێى سەرچاوەكان، ئەو ميليشيانە لە چەند ناوچەيەكى بەغدا بڵاوەيان كردوە لە چواردەورى ناوچەى سەوز، پێكدێن لە ميليشياكانى "كەتيبەكانى حزبوڵا"، "عەسائيبى ئەهلى حەق"، "بزوتنەوەى نوجەباء" و ئاسايشى حەشدى شەعبى.

 

هەرچى سەبارەت بەو دەنگۆيانەيە كە بڵاودەكرێنەوە و گوايە ميليشياكان هەڵيانكوتاوەتەوە سەر بارەگا ئەمنيەكان و دەستگيركراوەكانيان ئازاد كردوە، سەرچاوەيەكى ئەمنى بۆ "ناس کورد" ئەو زانياريانەى ڕەتكردەوە و دەڵێت، ئەوە بەهيچ شێوەيە ڕاست نييە.

 

سەرچاوەيەكى ئاگادار ئاماژەى بەوەداوە، لەگەڵ ئەبو فدك و ئەبو زەينەبدا، قەيس خەزعەلى، فەرماندەى عەسائيبى ئەهلى حەقيش بەشدارى كردوە و هەوڵى ئەوە دەدەن دەسەڵاتدارانى عێراقى بترسێنن و پەشيمانيان بكەنەوە لە هەنگاوەكەى پێشوويان كە دەستيگركردنى ژمارەيەك ئەندامانى ميليشياكان بوو.

 

بەپێى ئەو گرتە ڤيديۆيانەى لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بڵاوكراونەتەوە، چەندين ئۆتۆمبێل كە چەكدارانى ميليشياكانى تێدايە بەرەو ناوچەى سەوز دەڕۆن كە زۆرينەى بارەگا حكوميە گرنگەكان و باڵيۆزخانەى وڵاتان لەنێويشياندا ئەمريكاى تێدايە.

 

هەروەها كەتيبەكانى حزبوڵڵا داواى ئەوە لە مستەفا كازمى سەرۆكى حكومەت دەكەن كە "عەبدولوەهاب ساعدى" سەرۆكى دەزگاى دژە تيرۆر لە پۆستەكەى لاببات و دەستگيركراوان ئازاد بكات.

"عەبدولوەهاب ساعدى"  لەسەردەمى حكومەتەكەى عادل عەبدولمەهدى لە سەرۆكايەتى دەزگاى دژە تيرۆر لابرا و ئەوەش توڕەيى جەماوەرى دروستكرد چونكە ناوبراو يەكێك بوو لە كەسە كاريگەرەكان لە شەڕى دژى ڕێكخراوى داعش و هەندێك پێيان وايە "سمبولی"ى سەركەوتنە بەسەر ئەو ڕێكخراوەدا، دواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆكوەزيرانيش لەلايەن مستەفا كازميەوە ناوبراوى گێڕايەوە پۆستەكەى.

 

بەپێى وتەى سەرچاوەكان، هەنگاوى گەمارۆدانى ناوچەى سەوز و بارەگا حكوميەكان بە هەماهەنگییە لەگەڵ ئێران كە چەندين ساڵە دەستى بەسەر عێراقدا گرتووە و هەوڵى بەهێزكردنى هەژمونى خۆى  و گروپە چەكدارەكانى نزيك لە خۆى دەدات.

 

ئەمريكاش كەتيبەكانى حوبوڵا بە هەڵدانى موشەك و بە ئامانجگرتنى هێزەكان و دامەزراوەكانى وڵاتەكەى لە عێراق تۆمەتبار دەكات لە ديارترينيشيان ئەو هێرشە موشەكيەى كرايە سەر سەربازگەيەكى عێراقى لە باكورى شارى كەركوك و بوە هۆى كوژرانى بەڵێندەرێكى ئەمريكى.

 

چوار مانگ پێش ئێستاش وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا ناوى ئەحمەد حەميداوى، ئەميندارى گشتى ميليشياكانى خستە ليستى تيرۆرەوە، لە مانگى ئۆكتۆبەرى ساڵى 2019 ەوە زياتر لە 33 موشەك نراوە بە دامەزراوە عێراقيەكانەوە كە سەربازان و دبلۆماسيە بيانيەكانيان تێدايە و شەش هێرشيان تەنها لە دوو هەفتەى ڕابردودا بووە.