گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كۆرۆنا لەناو هێزەكانى پۆليسى عێراق بڵاوبووەتەوە و تەنها يەك پارێزگا 70 توشبووى هەيە

2020.06.25 - 19:04
كۆرۆنا لەناو هێزەكانى پۆليسى عێراق بڵاوبووەتەوە و تەنها يەك پارێزگا 70 توشبووى هەيە

ناس کورد- 

ڤايرۆسى كۆرۆنا لەناو هێزەكانى پۆليسى پارێزگاى ميسان بڵاوبوەتەوە و تائێستا 70 توشبوو و سێ گيان لەدەستدان لەنێوياندا تۆمار كراون.

 

لەو بارەيەوە عەميد عەبدولخزر ساعدى، سەركردەى هێزەكانى پۆليسى ميسان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويكردوەتەوە، پاڵەوانەكانى هێزەكانى پۆليس لە پارێزگاكە ئەركى خۆيان جێبەجێ دەكەن، وەك قەدەغەى هاتووچۆ و پاراستنى دامەزراوە تەندروستيەكان، بەڵام بەداخەوە تائێستا 70 توشبووى كۆرۆنا و سێ گيان لەدەستدان لەنێوياندا تۆمار كراون، ئەوەش لەكاتى جێبەجێكردنى ئەركەكانياندا.

 

ڕونيشكراوەتەوە، سەركردايەتى و هێزەكانى پۆليس تائێستا بەردەوامن لە جێبەجێكردنى ئەركەكانيان و سەرجەم بڕيارەكانى شانەى قەيرانەكانى پارێزگاى ميسان، لەگەڵ كارمەندانى تەندروستى لەيەك تونێلداين بۆ دورخستنەوەى مەترسى پەتاكە لە پارێزگاكە.

 

سەركردەى هێزەكانى پۆليسى ميسان داواش لە دانيشتوانى پارێزگاكە دەكات كە پابەندبن و هاوكارى براكانيان لە هێزە ئەمنيەكان بكەن، ئەويش لەڕێگەى مانەوە لە ماڵەكانياندا، چونكە وڵاتە خۆشەويستەكەمان بە قەيرانێكى تەندروستى خنكێنەردا تێدەپەڕێت.

 

ماوەى زياتر لە دوو هەفتەيە ژمارەى توشبووانى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە سەرتاسەرى عێراق بەردەوامە لە زيادبوون و ڕۆژانە نزيك بووەتەوە لە دوو هەزار كەس و تائێستا نزيكەى 37 هەزار توشبوو (بەهەرێمى كوردستانيشەوە) تۆمار كراون، هەروەها ڤايرۆسەكە گەيشتوەتە ناو ژمارەيەكى زۆر چين و توێژى كۆمەڵگا.