گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وێنە؛ لە سلێمانی بە بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستیپێکرد

2020.06.25 - 16:52
وێنە؛ لە سلێمانی بە بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێشەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستیپێکرد

ناس کورد-

لە شاری سلێمانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چین و توێژە جیاوازەکان دەستیپێکرد و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەش دەڵێت، چاکسازی بە دز ناکرێت و ئەم وڵاتە قەیرانی کەسی دەستپاکی هەیە، نەوەک قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2020، لەبەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی دواکەوتنی موچە و بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان دەستیپێکرد.

 

پەیامنێری ناس کورد ڕایگەیاند، خۆپیشاندانەکە بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بەکارهینانی دەستکێش و ماسک بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندەران داواشدەکەن کە موچەی فەرمانبەران دەستکاری نەکرێت و دژی ئەو کارەن.

 

یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە لە وتەیەکدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند: "پێویستە داواکاری هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بگۆڕدرێت لە داواکردنی موچەوە بۆ ڕوخانی حکومەت و نەمانی ئەم دەسەڵاتە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "لە هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی و پارەمان نییە، بەڵکو قەیرانی نەبوونی کەسی دەستپاکمان هەیە، چونکە ئەوانەی ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبەن دز و حەرامخۆرن و دەستپاک نین".

 

خۆپیشاندانەکە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە بەشێک لە کارمەندانی تەندروستیی و هەروەها کارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ بایکۆتی دەوامیان کردووە، ئەوەش بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیانەوە.