گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ واستەکاری لە دیدی منەوە قەدەغەکراوە’

پارێزگارى نوێى دهۆک: بڕوام بە سەروەری یاسا ھەیە و رێگا بە ھیچ زیادەڕەوییەک نادەم

2020.06.25 - 13:38
پارێزگارى نوێى دهۆک: بڕوام بە سەروەری یاسا ھەیە و رێگا بە ھیچ زیادەڕەوییەک نادەم

ناس کورد-

پارێزگارى نوێى دهۆک رایگەیاند "بڕوام بە سەروەری یاسا ھەیە و رێگا بە ھیچ زیادەڕەوییەک نادەم و واستەکاریش لە دیدی منەوە قەدەغەکراوە".

 

د.عەلى تەتەر، پارێزگارى نوێى دهۆک لە میانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بڕوابوونى تەواوەتى خۆى بە ئازادى ڕەها و ئەوەى لەچوارچێوەى یاسادا پێناسەى بۆ کراوە دەربڕى و جەختى لێکردەوە کە ڕێزى لێدەگرن.

 

پارێزگارى نوێى دهۆک کە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) بە دەنگى 27 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگارى دهۆک بە پارێزگارى ئەو شارە هەڵبژێردرا، پشتیوانى خۆى بۆ جێبەجێکردنى چاکسازى دووپات کردەوە و وتى "بە ھەموو توانایەکەوە کار بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پشتگیری چاکسازیەکان و خزمەتکردنى پارێزگای دھۆک دەکەین".

 

هۆشدارى ئەوەشیدا کە ڕێگە نادەن لەڕووى خزمەتگوزارییەوە جیاواز بکرێت لەنێوان پارێزگاکانى هەرێم.

 

تەتەر رونیکردەوە، کەس لە سەروى یاسا نییە و یاسا لە سەروى هەموو کەسێکەوە دەبێت لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت و وتى "من بڕوام بە سەروەری یاسا ھەیە و رێگا بە ھیچ زیادەڕەوییەک نادەم و واستەکاریش لە دیدی منەوە قەدەغەکراوە و یاسا دەبێت لەم پارێزگایە بە تەواوی جێگای خۆی بگرێتەوە، ئەوەندەی لە توانامدایە کاری بۆ دەکەم" .

 

پارێزگارى نوێى دهۆک ناڕاستەوخۆ و بەبێ ناوهێنان ئاماژەى بە هەبوونى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) کرد لە هەندێک گوندى سنورى پارێزگاکە و هۆکارى ئاوەداننەکردنەوە و گەیاندنى خزمەتگوزارى پێیان بۆ بوونى ئەوان گەڕاندەوە و وتیشى "ئەو ھێزانە ھی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش نین و بونەتە ھۆی ئەو ئاڵوزیانە و بە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆکان و پشت بەستن بە یاسا داوایان لێ دەکەین کێشەکانیان لەم سنورە بەدور بگرن، و ھەوڵ دەدەین بە ھەموو شێوەیەک ئارامی ئەم ناوچەیە بپارێزین".