گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەرماندەى پۆلیسى میناپۆلیس لەبارەى کوشتنى فلۆید: پۆلیسەکە دەیزانى چى دەکات

2020.06.25 - 09:41
فەرماندەى پۆلیسى میناپۆلیس لەبارەى کوشتنى فلۆید: پۆلیسەکە دەیزانى چى دەکات

ناس کورد-

فەرماندەی پۆلیسی شاری میناپۆلیس لە ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو پۆلیسەی کە جۆرج فلۆیدی کوشت خۆی دەیزانی چی دەکات ئەو کارەشەی بە ئەنقەست ئەنجامداوە.

 

میناپۆلیس ئەو شارە ئەمریکییە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوودا پرشیکی خۆپیشاندانەکانی دژ بەڕەگەزپەرستی لێوە سەریهەڵداو زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە کاتێک پۆلیسێکی سپیپێست بەناوی( دێرک شۆڤین) هاووڵاتیەکی ئەمریکی ڕەشپێستی بەناوى (جۆرج فلۆید) بەتۆمەتی مامەڵەکردن بەدراوی ساختە دەستگیرکرد دواتریش لە کاتی دەستگیرکردنیدا کوژرا. 

 

مادێرا ئەراداندۆ، فەرماندەی پۆلیسی شاری میناپۆلیس لە ولایەتی مينيسوتای ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد :"مردنی فلۆید تاوانێکی کوشتن بووە، ئەو ئەفسەرەی کە ئەژنۆی خستبووە سەر ملی فلۆید دەیزانی چی دەکات، چونکە لەڕاهێنانەکاندا ئەوەیان فێرکراوە کە کام لە شێوازەکانی خستنی ئەژنۆ لەسەر ملی دەستگیرکراوەکان نابێتە هۆکاری خنکاندنیان".

 

مادێرا رونیکردەوە :"مردنە ناخهەژێنەکەی فلۆید لە ئاکامی لاوازی ڕاهێنانەکان نەبووە، بەڵکو شۆڤین خۆی دەیزانی چی دەکات".

جەختیکردەوە "ئەو پۆلیسانەی کە لەگەڵ شۆڤیندا بوون دەیانزانی هاوڕێکەیان چی دەکات، بەڵام بە مەبەست ڕێگریان لە کارەکەی شۆڤین نەگرت، بۆیە ئەوە تاوانی کوشتن بووە، بەهیچ شێوەیەکیش بەهۆی خراپی یاخود لاوازی ڕاهێنانی پۆلیسەکانەوە نەبووە".

 

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی" CNN"ى ئەمریکی، پۆلیسی شاری میناپۆلیس جەختیان لەوە کردوەتەوە "دێرک شۆڤین و پۆلیسەکانی یاوەری کە لە ئێستادا تۆمەتبارن بە کوشتنی فلۆید چەندین ڕاهێنانیان پێکراوە لەسەر چۆنێتی و شێوازی دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکان و فێرى ئەوەش کراوون کە بە چ جۆرێک ئەژنۆیان دەخەنە سەر ملى دەستگیرکراوەکان بەجۆرێک نەبێتە هۆى خنکاندنیان". 

 

لەئێستادا تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی فلۆید، (دێرک شۆڤین)ە، کە لەلایەن دادگاوە تاوانی کوشتنی پلە دووی خراوەتە پاڵ، شۆڤین لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ماوەی 8 خولەکە دەردەکەوێت بە توندی ئەژنۆی خستوەتە سەرملی فلۆید بەبێ ئەوەی گوێبدات بە هاوارەکانی کە دەڵێت: "خنکام ناتوانم چیدی هەناسە بدەم".