گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’شەڕەكە لەچیای هەڵگورد ڕوویداوە’ 

پێکدادانێکى سەربازى لەنێوان پێشمەرگەکانى حدکا و سوپاى پاسداران روویدا

2020.06.25 - 09:11
پێکدادانێکى سەربازى لەنێوان پێشمەرگەکانى حدکا و سوپاى پاسداران روویدا

ناس كورد-

حزبی دیموكراتی  كوردستانی ئێران (حدكا) ڕایگەیاند، هێرشێكی سوپای پاسدارانی ئێرانیان بێ هیچ زیانێکى گیانى  تێكشكاندووە و ئامادەشن وەڵامی هەر جۆرە هێرشێكی دیكە بدەنەوە.

 

لە راگەیەندراوێکى (حدکا) ئاماژە بەوە کراوە، پێكدادانێكی توند لەنێوان پێشمەرگەكانیان و سوپای پاسداران لەچیاى هەڵگورد كە دەكەوێتە ناوچە سنورییەكانی عێراقەوە، ڕوویداوە.

 

ڕاگەیەنراوەكە لە ماڵپەڕی ئەو حزبەدا بەناوی فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی پێشمەرگە بڵاو كراوەتەوە و رونکراوەتەوە"  چەند پاسدارێكی سەر بەسوپای پاسداران پلانی هێرشكردنی بۆ سەر یەكێك لەبارەگاکانیان داناوە بەڵام پلانەكەیان شكستپێهێناوە". 

 

هەر لەڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، یەكینەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە هێزێكی ئێرانی شكستپێهێناوە و ناچاری كردووە لەو ناوچەیەدا پاشەكشە بكەن و هێزەكانی پێشمەرگەش هیچ زیانێکى گیانى پێ نەگەیشتووە.

 

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هێزی پێشمەرگەی حزبەكەیان وەڵامی توندی هەر هێرشێك دەداتەوە كە لەلایەن هێزی سەربازی ئێرانەوە بكرێتە سەریان.

 

روبەڕوبوونەوە و پێکدادانەکان لە کاتێکدایە کە ڕۆژی (سێشەممە)ی ڕابردوو سوپای پاسداران هەڕەشەی ئەوەی كرد كە وەڵامی بۆ هەر جموجۆڵێك دەبێت کە لەهەرێمی كوردستانەوە بكرێتە سەریان .

 

هاوكات لەگەڵ لەشكركێشیەكەی سوپای توركیادا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێم، هەفتەی ڕابردوو سوپای ئێران بۆ ماوەی دوو ڕۆژ چەند گوندێكی سنوری لە باكووری شاری هەولێر بۆردومانكرد و ئامانجی ئەو بۆرۆدمانەش پێكانی چەند بارەگەیەكی حزبی دیموكرات و كۆمەڵەی ئێران بوو.