گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکمانەکان لە کازمى نیگەرانن و باس لە ڕێگریکردنى هەناردەى نەوتى کەرکوک دەکەن

2020.06.24 - 23:51
تورکمانەکان لە کازمى نیگەرانن و باس لە ڕێگریکردنى هەناردەى نەوتى کەرکوک دەکەن

ناس کورد-

سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند، دەبێت وەزیری نەوتی داهاتووی عێراق لە پێکهاتەی تورکمان بێت، ئاماژەى بەوەش کرد، ئەجندایەکی نهێنی وایکردووە تورکمانەکانی عێراق لە مافی وەرگرتنی پلەو پۆستی خۆیان لەحکومەتی عێراقدا بێبەش بن.

 

 ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری تورکمان و سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەعێراق، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی :"پێکهاتەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق هەشت پەرلەمانتاریان هەیە، بەڵام لایەنە سونەکان و شیعەکان لە ئێستادا ڕێگری لەوە دەکەن تورکمانەکان وەزارەتێک وەربگرن".

 

وتیشی: "کازمی پێی وتووین شیعەکان ڕێگری دەکەن تورکمانەکان وەزارەتی نەوتیان پێ بدرێت، ئێمە لە ڕابردوودا نەمانویستووە ڕەفتاری پەلبەستن لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بەکاربهێنین، دەتوانین ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک و ڕێگرتنی ڕێگە ستراتیژییەکانی پارێزگاکە لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق بکەین".

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، شیعەکان بەتایبەتی هاوپەیمانی سائرون نەیویستوە تەنانەت وەزارەتی دەوڵەتیشمان پێبدرێت، بەڵام لە دوایدا لە هەڵوێستەکەی پاشگەز بووەتەوە.

 

 ساڵحی، ئەوەشی خستوەتەڕوو:" پێش دەنگدان لەسەرکابینەکەی، کازمی داوایلێکردون یارمەتی بدەن لە تەواوکردنی حکومەتەکەی و بەڵێنی ئەوەی پێداون هاوکارییان بکات لەوەرگرتنی وەزارەتێک، بەڵام لە دوایدا بەڵێنەکەی نەبردوەتە سەر".

 

ساڵحی ئەوەشی وتووە " پیلانگێڕییەک دژ بە تورکمانەکانی عێراق دەکرێت بەتایبەتی  لە پرسی وەرگرتنی وەزارەتەکان، ئەگەر پرسەکە بگات بە بنبەست ئەوا ئەوان وەک سونەو شیعەکان ناکەن، بەڵکو حاڵەتی بڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ کازمیدا ڕادەگەیەنن".

 

 ساڵحی،داواشیکردووە، کازمی پێیان بڵێت ئەو لایەن و ئەجندانە چین کە ڕێگری لەوە دەکەن  تورکمانەگان مافی خۆیان وەربگرن".

 

سەرۆکی بەرەی تورکمانی، ڕەتیشکردەوە ببن بەبەشێک لە ئەجندا و پڕۆژە تایفەگەرییەکان.  

 

ساڵحی، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەری هەیە بەهۆی بڵاوبوونەوە و توشبوونی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق پەرلەمانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ کۆبوونەوەکانی دوابخات".