گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا؛ ژنێک زیندانى دەکرێت کە ’زەوی لەژێر پێی ئەردۆگاندا هێناوەتە لەرزین’ 

2020.06.24 - 21:37
تورکیا؛ ژنێک زیندانى دەکرێت کە ’زەوی لەژێر پێی ئەردۆگاندا هێناوەتە لەرزین’ 

ناس کورد-

بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بەسەرۆکی تورکیا و پڕوپاگەندەکردن بۆ تیرۆر، دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیا پشتگیری بڕیاری پێشووی دادگایەکی ئەو وڵاتەی کرد بە زیندانیکردنی ژنە بەرپرسێکی پارتی گەلی کۆماری.

 

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەرى "ئەحوال"ی تورکی، دادگای تێهەڵچوونەوەی تورکیا بڕیاری زیندانیکردنی (جینان کفتانچی ئۆغڵۆ)ى ئەندامی دیاری پارتی گەلی کۆماری تورکیاى پەسەندکرد کە پێشتر و لەساڵى 2019دا بەهۆی تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ڕەجب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا و پڕوپاگەندەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) بۆ ماوەی نۆ ساڵ و هەشت مانگ فەرمانی زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو.

 

بەگوێرەی ماڵپەرەکە، لە ئاکامی زنجیرەیەک تویت کە لەلایەن کفتانچییەوە لە نێوان ساڵانی 2012  بۆ 2017 بڵاوکراوەتەوە ناوبراو تێیدا سوکایەتی بە ئەردۆگان کردووە بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2013دا کە لەئاکامی خۆپیشاندانەکانی (باخچەی جیزی)  هەرزەکارێکی تەمەن 14 ساڵ بەهۆی بۆمبێکی فرمێسک ڕێژەوە  لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا.

 

ماڵپەرە تورکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێکی تر لەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کفتانچی کراوە بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیی وتارێکی یەکێکە لە ئەندامەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کە لەساڵی 1989 دژ بەحکومەتی تورکیا چەکیان هەڵگرتووە.   

 

 بەگوێرەى چاودێران، دۆسێی دادگایکردنی کفتانچی خراوەتە چوارچێوەیەکی سیاسییەوە و ئامانج لەو کارەش ڕێگرتنە لە ئازادییەکان و ئازادیی ڕادەربڕین لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە.

 

 ماڵپەرەکە، ئاماژەى بەوەشکردووە، جینان کفتانچی دەتوانێت بۆ جاری دووەم تێهەڵچوونەوە بۆ فەرمانی زیندانیکردنەکەی بکات، بەڵام ئەمجارەیان لە بەردەم دادگای باڵای تورکیا.

 

جینان کفتانچی ئۆغڵۆ، ئەندامێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری تورکیایە، توانی لە پێشهاتێکی دەگمەندا پارتەکەی ئەردۆگان دوچاری شڵەژان  بکاتەوە  کاتێک توانی لە هەڵبژاردنە خۆجییەکانی شاری ئەستەنبوڵ زۆربەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ پاڵیۆراوى پارتەکەى.