گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى رونکردنەوە لەبارەى کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆى شاندى هەرێم و بەغدا دەدات

2020.06.24 - 19:27
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى رونکردنەوە لەبارەى کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆى شاندى هەرێم و بەغدا دەدات

ناس کورد-

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوە لەبارەى کۆبوونەوەکانى ئەمڕۆى شاندى هەرێم لەگەڵ بەرپرسانى عێراق دەدات و ئاماژە بەوە دەکات "سبەینێ کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن".

 

سەمیر هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، كۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی عەلی عەللاوی وەزیری دارایی، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆتایی هات و بڕیارە سبەی فراوانتر بكرێت و درێژەیان پێ بدرێت".

 

وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونیکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا 24 حوزەیرانی 2020 كە لە میوانخانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرێوەچوو، گفتوگۆ كرا لەبارەی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تایبەت بەپرسەكانی نەوت و وزە، خەرجی و داهاتەكان، شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم و دەروازە سنورییەكان.

 

سەمیر هەورامى جەختى کردەوە "سبەی كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن بەئامانجی گەیشتن بە لێكگەیشتنی گشتگیر بۆ كێشەكان و بریارە لەرووی هونەرییەوە فراوانتر و چڕتر بكرێنەوە".

 

لە دوێنێ (سێشەممە)ەوە  شاندى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت لەبەغدان بە مەبەستى گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر نەوت و بودجە، سەردانەکە لەدواى ئەوە هات کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و چەند سەرکردەیەکی لایەنە شیعییەکان کۆبووەوە.

 

ناس کورد زانیوویەتى مستەفا کازمی بڕیاریداوە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکرێت حکومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڕیاری لەسەر نەدات بەڵکو ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراقی بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان خۆیان بڕیاری کۆتایی لەسەر بدەن.