گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی فەتح زانیارى نوێ لەبارەى گفتوگۆکانى بەغدا و هەرێم بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات

2020.06.24 - 18:06
پەرلەمانتارێکی فەتح زانیارى نوێ لەبارەى گفتوگۆکانى بەغدا و هەرێم بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، هەرڕ ێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا واژۆبکرێت دەبێت دادپەروەرانە بێت و مافی خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقی تێدا پێشێل نەکرێت. 

 

حەسەن شاکر عوده، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح-ی سەر بەهادی عامری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"لە ساڵانی پێشوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک پابەندی دەستور نەبووە و لە زۆربەی ڕێککەوتن و بەڵێنەکانی پاشگەزبووەتەوە ئەوەش وایکردووە هەرێم متمانە لەدەست بدات". 

 

ئەو پەرلەمانتارە بەپێویستیزانى لە ئێستادا گەلى عێراق ئاگاداری ناوەڕۆک و دەقی هەر ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا وهەولێر بێت. 

 

لێدوانەکەى عودە لە کاتێکدایە کە لە دوێنێ (سێشەممە)ەوە  شاندى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت لەبەغدان بە مەبەستى گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر نەوت و بودجە، سەردانەکە لەدواى ئەوە هات کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و چەند سەرکردەیەکی لایەنە شیعییەکان کۆبووەوە.

 

ناس کورد زانیوویەتى مستەفا کازمی بڕیاریداوە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکرێت حکومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڕیاری لەسەر نەدات بەڵکو ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراقی بکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکان خۆیان بڕیاری کۆتایی لەسەر بدەن.

 

بەوتەى  حەسەن شاکر عوده، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح کازمی بۆ ئەوەی خۆی لە گێژاو و توڕەیی شەقامی عێراقی دەرباز بکات، بڕیاری ئەوەی داوە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق بکات بۆ ئەوەی لایەنەکانی ناو پەرلەمان بڕیاری کۆتایی لەسەر  ڕێککەوتنەکە بدەن.



ئەو پەرلەمانتارە بەپێویستیزانى ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەڕێم ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە بێت و لەسەر حیسابی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق نەبێت و هەردوولا سازش بکەن، هۆشدارى ئەوەشیدا ئەگەر بەو جۆرە نەبێت  ڕەتیدەکەنەوە.

 

 دەربارەی ناوەڕۆک و دەقی ئەو ڕێککەوتنەی کەئێستا بەغدا وهەولێر گفتوگۆی لەسەر دەکەن، پەرلەمانتارەکەی فەتح وتی: " لە ئێستادا چاوەڕێى ئەوە دەکەین گفتوگۆکان کۆتاییان پێ بێت بۆ ئەوەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە بگات بەدەستمان و پاشان بڕیاری کۆتایی خۆمان دەدەین".  

 دانوستانەکانی هەرێم کە یەکەمجارە لەگەڵ کابینەکەى مستەفا کازمى ئەنجام دەدرێن، تەواوکەرى ئەو دانوستانانەن کە پێشتر لەگەڵ کابینەی پێشووى حکومەتى عێراق ئەنجامدران بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى.

 

زۆرێک لە پەرلەمانتارانى عێراقیش دژى ئەوەن کە حکومەتى عێراق نەرمى بەرامبەر بە داواکارییەکانى حکومەتى هەرێم بنوێنێت و لەو بارەیەوە لە لێدوانێکى بۆ ناس کورد حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح  وتى "بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارانی عێراق دژ بە نواندنی نەرمین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرانبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواش دەکەن حکومەتەکەی کازمی نەکەوێتە ژێرباری فشارە سیاسیەکان و بەوردی دەقە دەستورییەکان دەرباری پەیوەندییەکان بەغدا و هەولێر جێبەجێ بکات".

 

جەختیشى کردەوە "ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان بەس نین بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون، چونکە لەئێستادا کێشەی دیکەش هەیە کە دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر کێشەکان سەرهەڵنەدەنەوەو کۆتاییان پێیبێت، وەک ئەو بیرە نەوتیانەی کە لە ئێستادا تازە لێدراون و هەرێمی کوردستان نەوتەکانی دەبات کە کەوتووەتە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم وەک ناوچەکان شێخان، باشیک، حەمدانییە و باعەردێ و چەند ناوچەیەکی دیکە" .

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار قەرزاری ئەو کۆمپانیا نەوتیانەیە کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن ئەوەش گوژمەیەکی گەورەیە کە دەبێت بەجدی گفتۆگۆی لەسەر بکرێت".

 

بەبڕوای قەدۆ بۆ ئەوەی کێشەکان لەڕیشەوە چارەسەر بکرێن "دەبێت حکومەتی کوردستان پابەندی دەستوری عێراق بێت و هەموو ئەو نەوتەی کە هەناردەی دەرەوەی دەکات کە مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات و بەرانبەر بە ئەوەش پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا زیاد بکرێت بۆ 15% دا".



دانوستانەکانى ئەمجارە لەڕۆژانى کۆتایی ئەو وادە 30 ڕۆژیەدا بەڕێوەدەچن کە بەغدا دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم، دواى ئەوەى بەغدا کۆتایی مانگى ڕابردوو 400 ملیار دینارى ڕەوانەى هەرێم کرد وەک شایستە داراییەکانى موچەى فەرمانبەران بۆ مانگى نیسانى ئەمساڵ، کە کابینەکەى عەبدولمەهدى ناردنى ڕاگرتبوو.

 

دانوستانەکان هاوکاتن لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەى ڕووبەڕووى هەردوو حکومەتەکە بووەتەوە، بەهۆى کاریگەرى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە، هەریەکەیان دەیانەوێت لەڕێگەى ڕێککەوتنەوە بەشێک لەکاریگەرى قەیرانەکە لەسەر شانیان سوک بکەن.