گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کۆشش لەپێناو دەستکەوتنی ئۆکسجین’’

نەمانی ئۆكسجین و كیسی تایبەت بە تەرمی كۆرۆنا ترسی لەلای خەڵکی ناسرییە دروستكردووە (ڤیدیۆ)

2020.06.24 - 16:06
نەمانی ئۆكسجین و كیسی تایبەت بە تەرمی كۆرۆنا ترسی لەلای خەڵکی ناسرییە دروستكردووە (ڤیدیۆ)

ناس کورد-

بڵاوبونەوەی چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی لەسەر گەورەترین نەخۆشخانەی شاری ناسرییە كە دەری دەخات بەهۆی نەمانی ئۆكسجین و لێدوانی بەرپرسانی دادوەری بەنەمانی كیسی تایبەت بەتەرمی كۆرۆنا ترس و دڵەڕاوكێی لای هاوڵاتیانی ناوچەكە دروستكردووە.

 

چالاكانی شارەكەش باسیان لەوەش كردوە، پەككەوتنی سیستمی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكە قەیرانێكی سەختی دروستكردووە بەتایبەت حاڵەتی توشبوون بەرزبووەتەوە و نەخۆشخانە و شوێنەكانی كەرەنتینەش بڕبوون لەتوشبوو.

 

 

لەگرتە ڤیدیۆیەكەدا كارمەندێكی نەخۆشخانەكە بەرگێكی سپی لەبەردایە دەردەكەوێت و دەڵێت، كەمتر لەیەك كاتژمێر و بەهۆی نەمانی ئۆكسجینەوە نزیكەی پێنج كەس گیانیانلەدەستداوە و هەندێ سەرچاوەی ئاگاداری ناو شارەكەش باس لە مردنی 16 كەس دەكەن لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردودا بەو هۆیەوە.

 

هەر بەپێی گرتە ڤیدیۆیەكە، نەخۆشخانەی حوسەینی فێركاری كە گەورەترین نەخۆشخانەی ناسرییە و دەكەوێتە ناوەندی پارێزگای زیقارەوە، چەند كەسێك دەردەکەون کە سەرەیان گرتووە و پێدەچێت هەموویان توشبووانی كۆرۆنا بن و چاوەڕوانی ئەوەشبن ئۆكسجینیان دەستبكەوێت.

 

سەرچاوەكانی پزیشكی دادوەری شارەكەش ڕایانگەیاندووە، ڕوبەڕووی كەمی كیسی تایبەت بەتەرمی قوربانیانی كۆرۆنا بوونەتەوە.

 

 

پێشتریش لەڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكا بڵاوی كردەوە، نەخۆشخانەكانی عێراق بونەتە ناوەندێك بۆ تووشكردنی پزیشكەكان و ئەو كارمەندانەی كە لەڕێزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتاكەدان و بەوەش سیستمی چاودێری تەندروستی كەوتووەتە ژێر مەترسییەوە.