گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى قەرز کۆدەبێتەوە

2020.06.24 - 09:26
پەرلەمانى عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى قەرز کۆدەبێتەوە

ناس کورد-

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى عێراق کۆبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى بە ئامانجى پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجە.

 

بەشیر حەداد، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە هۆڵى گەورەى پەرلەمان دەکرێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنى دوورى نێوان پەرلەمانتاران و گرتنەبەرى ڕێکارەکانى خۆپاراستن و رێنماییە تەندروستییەکان.

 

هاوکات نەدا شاکر جەودەت، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى، بەڵام ئەوان ناڕازین لەسەرى بەهۆى بوونى جێگرەوەى دیکە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنان.

 

باسى لەوەشکرد، بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى دارایی، پێویستى پلانى کورتمەودا و خێرا و توند دابنرێت بە ئامانجی نەهێشتنى گەندەڵى، کە لە بەندەر و دەروازە سنورییەکان و کۆنتڕۆڵکردنى مەزادى دراوەوە دەستپێبکات، لەبەرئەوەى سامانى وڵات و دراوى قورسیان تێدا بەهەدەر دەدرێت.

 

پێشتر لیژنەى دارایی پەرلەمان ڕایگەیاندبوو، رەزامەندى دراوە لەسەر ئەوەى لە چوارچێوەى پڕۆژەیاساى قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى ئەوە جێگیربکرێت کە وەزارەتى دارایی موچەى دامەزراوە نوێیەکان خەرج بکات.  

  

لەچوارچێوەى هەوڵەکانى حکومەت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دابەزینى نرخى نەوت و کەمبوونەوەى داهات، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق پرۆژە یاسایەکى بۆ قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى رەوانەى پەرلەمان کردووە.  

  

پڕۆژەکە دەسەڵات دەدات بە وەزیرى دارایی بۆ قەرزى ناوخۆیی و دەرەکى لەماوەى ئەمساڵدا یان تا کاتى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى بودجە.