گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق ڕەتیکردەوە ڤاکسینە ڕوسییەکەى کڕی بێت چونکە خۆی خەریکی بەرهەمهێنانیەتی

2020.06.23 - 23:22
عێراق ڕەتیکردەوە ڤاکسینە ڕوسییەکەى کڕی بێت چونکە خۆی خەریکی بەرهەمهێنانیەتی

ناس کورد- 

وەزارەتى تەندروستی عێراق ڕەتيدەكاتەوە گرێبەستى لەگەڵ هيچ وڵاتێکدا كردبێت بۆ هاوردەكردنى ڤاكسينى كۆرۆنا و تەئكيديش دەكاتەوە چەند هەوڵێك هەن بۆ بەرهەمهێنانى چارەسەر لە ناوخۆى عێراقدا.

 

حازم جومەیلی، بریکاری وەزيرى وەزارەتى تەندروستی بە ئاژانسی فەرمی عێراقیەی وت، چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا پێشنيازێكى پێشوو بوو، هەروەها چەندين جۆر چارەسەرى تر كە هى ئەنفلۆنزان بەكار دەهێنرێت.

 

ئاماژەى بەوەشدا، چارەسەرەكە لەلايەن وڵاتى ژاپۆنەوە پێشنياز بوو نەك ڕوسيا، لەئێستادا ئەو چارەسەرە لەسەر توشبوان بەكاردەهێنرێت لەو وڵاتە، بەڵام چارەسەرێكى تايبەت بە ڤايرۆسى كۆرۆنا نييە.

 

بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق باسی لەوەشکرد، عێراق هيچ گرێبەستێكى ئەنجام نەداوە لەگەڵ هيچ وڵاتێکدا بۆ كڕينى ڤاكسين و ئەو بابەتە تائێستاش لەژێر لێكۆڵينەوەدايە، چەند هەوڵێك هەيە بۆ دروستكردنى ڤاكسين لەلايەن كۆمپانيا نيشتمانيیەكانى عێراقەوە.

 

سەبارەت بە پێكهێنانى ژوورێكى ئۆپراسیۆنەکان بۆ بەدواداچوونى جێبەجێكردنى ڕێنماييەكان و قەدەغەى هاتووچۆ وتى، ليژنەى باڵا بۆ تەندروستى و سەلامەتى ژورێكى ئۆپراسیۆنەکانی پێكهێناوە كە ئەركيان بەدواداچونى جێبەجێكردنى ڕێنماييەكانە، وەك قەدەغەى هاتووچۆ و بەستنى دەمامك و ڕێوشوێنەكانى تر، هەروەها دەسەڵاتى گرتنەبەرى رێوشوێنيان هەيە لەحاڵەتى لەناكاودا، لقى ژوورەكەش لە هەموو پارێزگاكانى عێراق "جگە لە هەرێمى كوردستان" دروست دەكرێت.

 

حازم جومەیلی جەختیکردەوە کە ليژنەكە بەرپرسە لە هەماهەنگی لەنێوان لايەنە تەندروستى و ئەمنى و ڕاگەياندنەكان بۆ جێبەجێكردنى ڕێنماييەكان، ئەوەش بۆ گەيشتن بە ئامانجەكانى ليژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى نيشتمانى و وەزارەتى تەندروستى.

 

لەماوەى ڕابردوودا دەنگۆى ئەوە هەبوو كە عێراق لە هەوڵى كڕينى دەرمانی "ئەفيفافير"ى ڕوسيدايە كە بۆ ڤايرۆسى كۆرۆنا دروستى كردوە و كاريگەريەى زۆر باشى هەيە.