گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مارتن ڕۆچێستەر بۆ ناس کورد دەدوێت: جەمسەرگیرییەکانی ناوخۆی ئەمریکا تەشەنە ناکەن بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتیمان

2020.06.23 - 22:44
App store icon Play store icon Play store icon
مارتن ڕۆچێستەر بۆ ناس کورد دەدوێت: جەمسەرگیرییەکانی ناوخۆی ئەمریکا تەشەنە ناکەن بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتیمان

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان حکومەتی عێراق و بەرپرسانی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوانیان، بە تایبەتی مەسەلەی مانەوە یان دەرچوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ناس کورد پەیوەندیی بە مارتن ڕۆچێستەر، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی میزۆری-سانت لویس کرد و چەند پرسیارێکی ئاراستە کرد.

مارتن ڕۆچێستەر پسپۆڕی بوارەکانی یاسای نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە و چەندین کتێبی هەیە، ناسراوترینیان "ئەمریکا و جیهان و سیاسەتی نێودەوڵەتی لە چەرخی 21 دا، بەرەو کوێ؟" ە. لە بیر و بۆچوونیدا نزیکترە لە سیاسەتی راستڕەوەکانی ئەمریکا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ناس کورد: چۆن تێڕوانینی ستراتیژیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ داهاتووی نزیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینیت؟ عێراق لە کوێی ئەم تێڕوانینەی ئەمریکادایە؟

 

مارتن رۆچێستەر: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سەردەمی سەرۆک ترەمپ دا، لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە خۆکێشانەوە و خۆ بەدوور گرتندایە و خەریکی کەمکردنەوەی پابەند بوونێتی بە رۆڵە سەربازییەکانی لە جیهاندا، لە هەمان کاتیشدا خەرکیکی کەمکردنەوەی یارمەتییەکانێتی بۆ وڵاتانی دونیا. بە واتایەکی دیکە خەریکی کەمکردنەوەی هەموو ئەو پابەندییانەیەتی کە پێی وایە راستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا ناگەیەنێت.

 

ئەم لێکدانەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە مانای کشانەوەی هێزی سەربازی دێت، بە تایبەتی لە سوریادا. ترەمپ پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و سعودییەدا بەهێزتر کرد، چونکە پێیوایە ئەمان سەرچاوەی هێزی دژ بە ئێرانن بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا. ئێرانیش تەنها وڵاتە لە ناوچەکەدا کە ترەمپ بە نیگەرانی بەرامبەری ماوەتەوە. ئەگەر لەسەر ئاستێکی ستراتیژی بیری لە عێراق کردبێتەوە، ئەوا لە چوارچێوەی ئەوەدا بووە کە چ پێوەندییەک لەگەڵ بەغدا دا درووست بکات بۆ ئەوەی ببێتە مایەی لاوازکردنی ئێران لە ناو عێراق و لە ناوچەکەدا.

 

ناس کورد: بەم تێڕوانینە بێت، ئایا بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس پتەوتر بوون یان لاواز بوون؟

 

مارتن رۆچێستەر: پێم وانییە کە بە کوشتنی ئەو دوو کەسە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لاواز بووبێت. ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەڕای من، باڵادەستیی ئەمریکای نمایش کرد و بۆ هەموو لایەکی روون کردەوە کە هەر کاتێک هێزەکانی ئێران هەر مەترسییەک بنوێنن بۆ سەر هێزە سەبازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە ئەو باڵادەستییەی بە شیوەیەکی سنووردار دژ بە هێزی سەربازیی ئێران بەکاربهێنێت.

 

ناس کورد: ئەی ترەمپ چۆن دەڕوانێتە کوردستانی عێراق لە رووی ستراتیژییەوە؟ وەک رێڕەوێکی جیا لە عێراق؟ یان بە گرێدراوی لە چوارچێوەی بینینی بۆ عێراق بە گشتی؟

 

مارتن رۆچێستەر: من پێم وا نییە ترەمپ هیچ ئەولەوییەتێکی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە لا هەبێت. ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە لۆژیکی "گشت یان هیچ" دەبینێت، باکێکی ئەوتۆی نییە بە هاندانی دێمۆکراسی لە وڵاتاندا. هەموو شتێک، بەدەر لە مانا تەسکەکەی ئاسایش و بەرژەوەندیە ئابوورییەکانی ئەمریکا، بە لاوەکی دەزانێت.



ناس کورد: پێت وایە لایەنی ئەمریکی چۆن پەیوەندییەکی ستراتیژیی توند و تۆڵ لەگەڵ ئەمریکا بە بەرژەوەندیی عێراق لە وەفدەکەی عێراق دەگەیەنێت؟ ئەم پێوەندییە ستراتیژییە لەگەڵ ئەمریکادا، چ رۆلێکی ئەرێنیی لە بەرەوپێش بردنی موئەسسەساتی دێمۆکراسی و خۆشگوزەرانیی ئابووری و ئاشتەوایی پێکهاتەکان لە عێراقدا دەبێت؟

 

مارتین رۆچێستەر: سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە باری خۆکشاندنەوەدایە، بەڵام توانستێکی گەورەی هەیە بۆ یارمەتیدان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا لە لایەک و توانای وەک هێزێکی گەرەنتیدەری پێکهاتن و پەیمانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە لایەکی دیکەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هیچ یەکێک لەمانەی پێ ناکرێت و خۆی گیرۆدەی قەیرانی ئابووری هاتووە و، بۆ یارمەتیدانی عێراق، هیچی لە دەست نایەت.

 

ناس کورد: بە رەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم دانوستانەی ئەمریکا و عێراق لە هەڕەتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکادا روو دەدات و زیاد لە هەموو کاتێکی دیکە جەمسەرگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەمریکادا سەریهەڵداوە. کارتەکانی فشار بەدەست وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە بواری ئابووری و سەربازی و دیبلۆماسی چین؟ 

 

مارتن رۆچێستەر: بەهۆی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی پەیوەندیی نێوان رەگەزەکان لەناو خودی ئەمریکا و قەیرانی سیاسەتی ناوخۆ بە گشتی، هیچ جۆرە ئاوڕدانەوەیەک لە سیاسەتی دەرەکی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی  2020 دا نابینرێت. بە متمانەوە دەڵێم هیچ جۆرە گفتوگۆ و پێشبڕکێی بیروڕایەک دەربارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە ئارادا نییە. لەبەر ئەوە بڕوا ناکەم جەمسەرگیرییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا تەشەنە بکەن بۆ بواری سیاسەتی دەرەوە. ئەمە بەشە چاکەکەی هەواڵەکەیە. بەشە خراپەکەی ئەوەیە کە پێم وایە زۆر زەحمەتە ئەو نیگەرانیانەی ئێوە دەریدەبڕن بەرز بنەوە بۆ ئاستی ئەجێندای سیاسیی دوو رکابەرەکەی هەڵبژاردنی ئەمریکا. دەبێت بپرسین ئایا ئێستە سەرۆکی ئەمریکا بەشی ئەوەندە تێڕامانی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمریکا هەیە کە گوێ بدات بە بەدیهێنانی پێشکەوتن لە "کێشەی عێراقماندا" یان نا؟

 

ئەوەی عێراقییەکان دەتوانن بیکەن ئەوەیە کە بە خۆ دوورخستنەوە، چەندی دەتوانن، لە ئێرانەوە سەرنجی ئەمریک ارابکێشن. لەبەر ئەوە عێراق بەرژەوەندییەکی چارەنووسسازی لە سەرکەوتنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.