گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستی هەرێم داوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری دەکات

2020.06.23 - 21:24
تەندروستی هەرێم داوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری دەکات

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی کۆرۆنا و تەشەنەسەندنی بەرفراوانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان، داوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە سەرتاسەری هەرێم دەکەن.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2020، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: "لەئێستادا قەدەغەی هاتوچۆ زۆر گرنگە، پێشتر بڕیارەکان لە مەرکەزەوە دەردەچوو بۆ قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام بەداخەوە لەماوەی ڕابردوودا ئەوە کۆتایی پێهێندرا و هەندێک لایەن و ناوچە بەشێوەی نایاسایی قەدەغەیان شکاند و جێبەجێیان نەکرد".

 

وتیشی: "داوامان کردووە ماوەیەکی سنوردار دیاریبکرێت بۆ جێبەجێکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، چونکە لەئێستادا دۆخەکە زۆر مەترسیدارترە لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە و داوا دەکەین کە جێبەجێبکرێتەوە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و دواتریش بەشێوازی دیکە پەیڕەوی بکەین".

 

وەزیری تەندروستیی لەبارەی کەمتەرخەمی لە سنورەکانەوە، باسی لەوەکرد: "بەڵێ بێگومان بۆمان دەرکەوت کە کەمتەرخەمی لە مەرزی باشماخ لە سنوری قەزای پێنجوێن هەبووە و بۆیە ئەو دۆخە لە پڕدا ڕوویدا، بۆیە داواکارین ئیتر ئەوە دووبارە نەبێتەوە و لایەنی کەمتەرخەمیش سزا بدرێت"،

 

دەربارەی کارمەندانی تەندروستی و موچە وەزیری تەندروستیی ئاماژەی بەوەکرد: "زۆر باش لە کێشەکانی کارمەندانی تەندروستی تێدەگەین و موچە ئامادەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".