ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیران بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵە لە گوندێکی ناحیەی سیدەکان پێنج کەس کوژران و یەکێکیش بریندار بووە، یه کێک لە کوژراوەکانیش هاوڵاتییەکی ڕۆژئاواى کوردستانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. ڕزگار عزەت خان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە ناس کوردی ڕاگەیاند :" تەرمی دوو کەس بە کوژراوی گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان، سێ لە بریندارەکانیش لە نێو هۆڵی نەشتەرگەری گیانیان لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشدا ، یەکێکی دیکەش کە هەر لەڕووداوەکە بریندار بووە بەهۆی سەختی برینەکەی ڕەوانەی هەولێر کرا.
بە پێی زانیاریەکانی ناس کورد شەڕەکەی گوندی کەژەکی ناحیەی سیدەکانی قەزای سۆران لەسەر زەوی و زار بووە.
موقەدەم شەماڵ دێوالی وتەبێژی پۆلیسی سۆران بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" پێنج تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەکە لە هەردوو لا دەسگیرکراون".
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لەبارەی شەڕه کە وتی:"لە نێو کوژراوەکان هاووڵاتییەکی ڕۆژئاوای کوردستانیش هەیە کە لە گوندەکەدا سەرقاڵی لێدانی بیر بوەو ئەویش بەرکەوتوە".
وتیشی:"سەرجەم ئەو کەسانەی کوژراو و برینداربوون هی یەک خانەوادەن ".
ناس کورد ناوى ئەو هاوڵاتییانە بڵاودەکاتەوە کە لەشەڕەکەدا گیانیان لەدەستداوە ئەوانیش" قاید سەبری، ئەحمەد باپیر ، ساڵح باپیر ، حاجی ئەنوەر".