گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی تایبەتی تەندروستی هەرێم لەوبارەیەوە

ئەو کەرەستەیەی لەڕێگەی لوتەوە پشکنینی کۆرۆنا دەکات مەترسیدارە؟

2020.06.22 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو کەرەستەیەی لەڕێگەی لوتەوە پشکنینی کۆرۆنا دەکات مەترسیدارە؟

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

تەندروستی هەرێمی جەخت دەکاتەوە کە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڕێگەی لوتەوە ستاندرێکی جیهانییە و بەشێوەیەکی ڕاست و ورد ئەنجامەکان دەردەخات و هیچ مەترسییەکی لێناکەوێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە هەرێمی کوردستان، چەند بەکارهێنەرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دەدەن کە گوایە پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی لوتەوە مەترسی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی لێدەکەوێتەوە و داوایان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە پشکنین لەڕێگەی وەرگرتنی نمونەی خوێنەوە بکرێت نەک لە ڕێگەى لوت، ئەوان دەڵێن کەرەستەکان پاک نین و "هەندێکیان کۆرۆنایان پێوەیە."

 

لەو بارەیەوە، محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی بە ناس کوردی وت: "پشکنین لە ڕێگەى لوتەوە سەلامەتە و بە هیچ شێوەیەکیش نابێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتری  پەتاکە، چونکە ستاندەرێکی جیهانییە و لە هەموو وڵاتانی جیهانیش هەر ئەو ڕێگەیە بەکاردەهێنرێت".

 

وتیشی: "مەترسی هاوڵاتیان لەو جۆرە پشکنینە لە ئاکامی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەوە بووە کە لە میدیاکان جیهاندا بڵاوبووەوە دەربارەی  پیسبوونی کەرەستەی پشکنینەکانی تایبەت بە ڤایرۆسەکە لە چەند وڵاتێکی جیهان."

 

محەمەد قادر جەختی لەوەشکردەوە کە "ئەو ئامێرانە بە تەواوەتی پاگژن، کەرەستەکان ئەو تیمەی کە سەرپەرشتی پشکنینەکان دەکەن بەجل و کەرەستەی پاگژکراوەوە کارەکەیان دەکەن".

 

"دەبێت هاووڵاتیان دڵنیابن لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی هەواوە بڵاونابێتەوە بەڵکۆ تاکە ڕێگا بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە تەنها بەرکەوتنە لەگەڵ کەسانی توشبوو،" محەمەد قادر وای وت.

 

دەربارەی ئەوەى ئایا بۆ پشکنینەکان لەڕێگەی وەرگرتنی نمونەی خوێنەوە ئەنجامنادرێت، محەمەد قادر وتی: "ئەو ڕێگەیە ڕاست و ورد نییە و هەندێجار ئەنجامەکانی بەهەڵە دەردەچن، ئێمە لە ئێستادا لە ڕێگەی ( پی. سی. ئاڕ)ەوە  پشکنینی خوێن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین کە ئەوەش ماوەیەک دەخایەنێت، پشکنینێکی دیکەش هەیە کە لە ئەمریکا و چەند وڵاتێکی جیهان دەکرێت لە ماوەی 45 خولەکدا ئەنجامەکە دەردەچێت، بەڵام ئەنجامەکەی باوەڕپێکراو نییە".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەڕێم ئەوەشی ڕوونکردەوە: "لە پاڵ هەرجۆرە پشکنینێکی تر هەر دەبێت پشکنین بۆ ڤایرۆسەکە لەڕێگەی لوتیشەوە بکرێت، چونکە ئەنجامەکانی زۆر ڕاست و وردن".

پشکنینەکان زیاد دەکرێن؟

دەرەباری ژمارەی ئەو پشکنینانەی کە لە ئێستادا ڕۆژانە بۆ ڤایرۆسەکە لە هەرێمدا ئەنجامدەرێت محەمەد قادر وتی: "لە ئێستادا ڕۆژانە دوو هەزار پشکنینی مەیدانی بۆ دۆزینەوەی توشبووانی پەتاکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەرێت، ئەگەر دۆخی دارایی و لوجستی لە باربێت پلانمان هەیە پشکنیینەکان لە هەرێمی کوردستان بەرزبکەینەوە بۆ نزیکەی پێنح هەزار پشکنین ڕۆژانە".

 

"گریمانەی ئەوە هەیە لە ماوەی داهاتوودا کەرتی تەندروستی هەرێم دوچاری فشارێکی زۆر بێتەوە، پێشیبنی دەکرێت نەخۆشییەکە زیاتر هەڵکشان بەخۆیەوە ببینێت و نەخۆشخانەکان نەتوانن چیدی پێشوازی لە توشبووان بکەن".

 

وتیشی: "لە ئێستادا هەزار و 200 تەخت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا ئامادە کراوە بۆ توشبووانی پەتاکە، هەڵکشانی زیاتری پەتاکەش دوچاری مەترسی گەورەمان دەکاتەوە".

 

بەگوێرەی دواین ئامارەی فەرمی، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 299 کەس لە هەرێم  توشی ڤایرۆسەکە بوون ولە ئێستادا ژمارەی گشتیی ئەو کەسانەی کە گیرۆدەی پەتاکەبوون لە هەرێم چوار هەزار و 164 حاڵەتە و ژمارەی مردنیش بە نەخۆشییەکە  گەیشتوەتە 118 کەس.