گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوت و داهات بەرانبەر 15%ى بودجە

ناس کورد پێشنیازێکى نوێ بۆ ڕێککەوتنى بەغدا و هەرێم ئاشکرادەکات

2020.06.22 - 18:47
ناس کورد پێشنیازێکى نوێ بۆ ڕێککەوتنى بەغدا و هەرێم ئاشکرادەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕیشەوە کۆتاییان پێبێت، باشتروایە هەرێم هەموو نەوتەکەى و داهاتەکان ڕادەستی بەغدا بکات، لەبەرانبەر زیادکردنى پشکی هەرێم لە بودجەی گشتى بۆ 15%.

 

بڕیارە سبەینێ شاندى حکومەتى هەرێم بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەت بچێتەوە بەغدا بە مەبەستى گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر نەوت و بودجە، دواى ئەوەى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم سەرەتای ئەم هەفتەیە بە سەردانێکی چاوەڕواننەکراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووەوە.

 

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری دەربارەی ئەگەری گەیشتن بەڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئێمە  ئاواتخوازین حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەن بە بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بۆ ئەوەی ببێت بە جێگای ڕەزامەندی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق".

 

دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانى سبەینێ کە بۆ یەکەمجارە لەگەڵ کابینەکەى مستەفا کازمى ئەنجام دەدرێن، تەواوکەرى دانوستانەکانن لەگەڵ کابینەکەى پێشووى حکومەتى عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى.

 

 قەدۆ نەیشاردەوە کە لەئێستادا بەشێکی زۆرلە پەرلەمانتارانی عێراق "دژ بە نواندنی نەرمین لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەرانبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، داواش دەکەن حکومەتەکەی کازمی نەکەوێتە ژێر باری فشارە سیاسیەکان و بەوردی دەقە دەستورییەکان دەرباری پەیوندییەکان بەغدا و هەولێر جێبەجێبکات". 

 

"پێناچێت بەم نزیکانە هەردوو حکومەتی ناوەند وحکومەتی هەرێم بگەن بەڕێککەوتن، چونکە چەندین کێشەی دیکە هەیە دەبێت دانوستان و گفتوگۆی چڕ و پڕیان لە سەر بکرێت" حەنین قەدو وادەڵێت.

 

حکومەتى هەرێم لە دانوستانەکانى پێشوودا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و نیوەى داهاتى ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان، بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام دیار نییە کابینەکەى کازمى داواى دیکەى هەیە لە هەرێم یاخود نا.

 

حەنین قەدۆ دەڵێت، "ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان بەس نیین بۆ ئەوەی هەردوولا ڕێکبکەون، چونکە لەئێستادا کێشەی دیکەش هەیە کە دەبێت ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت بۆئەوەی جارێکی تر کێشەکان سەرهەڵنەدەنەوەو کۆتاییان پێیبێت، وەک ئەو بیرە نەوتیانەی کە لە ئێستادا تازە لێدراون و هەرێمی کوردستان نەوتەکانی دەبات کە کەوتووەتە ناوچەکانی دەرەوی هەرێم وەک ناوچەکان شێخان، باشیک و باعەردێ و چەند ناوچەیەکی دیکە" .

 

دەشڵێت، "لە ئێستادا هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار قەرزاری ئەو کۆمپانیا نەوتیانەیە کە لەهەرێمی کوردستان کاردەکەن ئەوەش گوژمەیەکی گەورەیە کە دەبێت بەجدی گفتۆگۆی لەسەر بکرێت".

 

بەبڕوای پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی فەتح، بۆ ئەوەی کێشەکان لەڕیشەوە چارەسەر بکرێن "دەبێت حکومەتی کوردستان پابەندی دەستوری عێراق بێت و هەموو ئەو نەوتەی کە هەناردەی دەرەوەی دەکات کە مەزەندە دەکرێت بە زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات و بەرانبەر بە ئەوەش پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا زیاد بکرێت بۆ 15%".

 

پشکى هەرێم لە بودجەى گشتى عێراق لەساڵى ڕابردوودا بە 12.6% دیاریکرابوو، بەرانبەر ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام بەهۆى ڕدەستنەکردنى نەوتەوە بەغدا پشکەکەى خەرجنەکرد، جگە لەو پارەیەى مانگانە بۆ موچەى فەرمانبەران دەینارد.

 

دانوستانەکانى ئەمجارە لەرۆژانى کۆتایی ئەو وادە 30 رۆژیەدا بەڕێوەدەچن کە بەغدا دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێم، دواى ئەوەى بەغدا کۆتایی مانگى ڕابردوو 400 ملیار دینارى رەوانەى هەرێم کرد وەک شایستە داراییەکانى موچەى فەرمانبەران بۆ مانگى نیسانى ئەمساڵ، کە کابینەکەى عەبدولمەهدى ناردنى ڕاگرتبوو.

 

بەوتەى قەدو، "هەرکات ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا واژووکرا ئەوا دەقەکانی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت بە بەشێک لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق و دەبێت پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەویست و خواستی لایەنەکانی ناو پەرلەمان نەبێت ئەو پەسەند ناکرێت".

 

دانوستانەکان هاوکاتن لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەى روبەڕووى هەردوو حکومەتەکە بووەتەوە، بەهۆى کاریگەرى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە، هەریەکەیان دەیانەوێت لەرێگەى رێککەوتنەوە بەشێک لەکاریگەرى قەیرانەکە لەسەر شانى سوک بکات.

 

"قەیرانی دارایی و  بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەردوو حکومەتی دوچاری ئاستەنگییەکی زۆر کردوەتەوە، بۆیە ئاواتخوازین لە ژێر کاریگەری ئەو فشارانەدا هەردوولا بگەن بە ڕێککەوتن"، حەنین قەدۆ وایوت.