ناس کورد-
وەزیرى دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، حکومەت پێنج بژاردەى لەبەردەستدا بووە بۆ بڕیاردان لەسەر موچە، جەختیشدەکاتەوە بەرپرسیارێتى بڕیارەکە لەسەر سەرجەم وەزیرەکانە و کەسیان دژى قسە ناکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوى ڕابردوو حکومەتى هەرێم بڕیاری دا 21% ى بودجەى وەزارەتەکان بۆ موچەى فەرمانبەران خەرجبکات، ئەوەش بە ئامانجى خۆگونجاندان لەگەڵ ئەو ڕەوشە داراییەى بەهۆى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە رووى لە هەرێم کردووە.
بڕیارەکە سەرجەم موچەخۆران دەگرێتەوە جگە لەوانەى موچەکانیان 300 هەزار دینار یان کەمترە لەگەڵ موچەى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
ئاوات شێح جەناب وەزیرى دارایی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەى سبەى سەر بە بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاندووە، لەکۆى پێنج بژاردە بە ناچارى ئەوەیان هەڵبژاردووە، کە بەوتەى ئەو کەمترین زیانى بۆ موچەخۆران هەبووە.
رونیشیکردووەتەوە، بژاردەکان بریتى بوون لەوە، موچە نەدرێت، شەشت رۆژ جارێک بدرێت، موچەى هەندێک وەزارەت دابەشبکرێت، بەرێژەى 34% موچە کەمبکرێتەوە، لەرێگەى قەرزەوە کورتهێنان داپۆشرێت، بەڵام بەهۆى کەمى قەرزەکەوە رێژەکە بە 21% دیاریکرا.
دواى دەرکردنى بڕیارەکە لەلایەن حکومەتەوە، دەنگى ناڕەزایی لەلایەن بەشێک لەلایەنەکانى بەشدار لە حکومەت بەرزبووەوە، بەتایبەتى یەکێتى کە بەرپرسانى بە ئاشکرا باسیان لەوەکرد لەگەڵ بڕیارەکەدا نین.
بەڵام ئاوات شێح جەناب دەڵێت، ئەو بڕیارە بەرپرسیارێتییەکەى دەکەوێتە سەرشانى هەموو ئەندامانى ئەنجومەنى وەزیران، هیچ وەزیرێک لەدژى قسەناکات و بڕیارى هەموویان بووە.
"ئەو کەسانە پێویستە لەجیاتى ئەو موزایەدانە بەشداریان بکردایە لە پڕکردنەوەى کورتهێنان، یان هیچ نەبێت لەسەردەمى کۆرۆنا دەستبەرداریی زیادەڕەویی مەرزەکان و موڵک و ماڵى گشتى بن"، وەزیرى دارایی وایوتووە.