گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەی کێ موچەی کەمکردەوە؟

هاوشانی لایەنەکانی دیکە پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەڵێن: دژی کەمکردنەوەی موچەین

2020.06.22 - 14:50
هاوشانی لایەنەکانی دیکە پارتی و یەکێتی و گۆڕان دەڵێن: دژی کەمکردنەوەی موچەین

ناس کورد-

لەگەڵ ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و بە بەشداری نوێنەری هەرسێ لایەنی پارتی، یەکێتی و گۆڕان، بڕیار لە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم درا، بەڵام ئەندامانی ئەو حزبانە هەریەکەو بەجۆرێک دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەکە ڕادەگەیەنن و دەڵێن: "ئێمە لەگەڵ کەمکردنەوەی موچە نین"، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، هەرسێ لایەنەکە لە بڕیارەکەدا بەشدارن.

 

دوێنێ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2020، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا، بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و سەرجەم وەزیرەکانی پارتی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرجەم وەزیرەکانی یەکێتی و سەرجەم وەزیرەکانی گۆڕان، بڕیاردرا، بە کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران بەشێوەی ڕێژەیی.

 

ئامادەبوونی ئەو لایەنانە لە کۆبوونەوەکەدا و بەشداریان لە بڕیاری کەمکردنەوە موچەدا لەکاتێکدایە، لەپاش بڕیارەکە، هەر لایەنێک بەشێوەی جیا دژایەتی خۆى بۆ کەمکردنەوەی موچە دەردەبڕێت.

 

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: "لەکۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەر و پێشنیار گەڵاڵە کراوە، بەڕێز سەرۆکوەزیران پێداگرییەکی زۆری لەسەر ئەوە کردووە کە ناکرێت مووچەی فەرمانبەران بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە و لەپێناو ئەمەش تاکە کەسی نێو کۆبوونەوەکە بووە کە ئامادەیی دەربریووە بڕی 100 ملیۆن دۆلار وەکو قەرز وەربگرێت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "دواجار ئەو پێشنیارانەی بەرێزیان بووە بە کلیلی چارەسەری تەواوی خاڵ و بنبەستەکانی کۆبوونەوەکە بەوەی هەموو نوێنەری تەواوی لایەنەکان پێکهاتن لەسەر ئەوەی کەبڕی ٪٢١ لە موچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان کەمکبرێتەوە، جگە لەو مووچانەی کە کەمترن لە ۳٠٠ هەزار دینار و شایستە داراییەکانی شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت".

 

هاوکات سەرکۆ گەڵاڵی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: "بەداخەوە دوای خۆڕاگری موچەخۆران و دواکەوتنی بەردەوامی موچە حکومەتی هەرێم لە بڕیارێکی نامەدروس و ناواقیعی لە بری پاداشت بۆ خۆڕاگری و چاوەڕوانی بەردەوامیان بۆ مووچە بڕیاری بڕینی موچەیاندا".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ئیمە داوا لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەین کە بە هیچ شێوەیەک نەچنە ژێر باری بڕینی موچەی موچەخۆران، چونکە ئەمە کارێکی نایاساییە دژ بە مافی موچەخۆران و قوتی خەڵک، بە هەموو شێوەیەکیش دژی ئەم بڕینەین و هەموو ڕێکاریکی یاسایی و پەرلەمانی دەگرینە بەر بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم بریارە نایاسایە".

 

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی خۆی دژایەتى تەواوەتى خۆیانى بۆ بڕینى مووچەى فەرمانبەران دەربڕى و ئاماژەى بەوەکرد: "گۆڕان بۆ ئەمە نەھاتە حکومەت". 

 

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رونیکردۆتەوە "باوەڕی تەواوم وایە گۆڕان دەبێت لە زووترین کاتدا بڕیاری خۆی لەسەر ئەم دزی و گەندەڵی و نادادی و شێوازی حومکمڕانی و بەشداری گۆڕان تێیدا بدات، نە بەرنامەی گۆڕان و نە باوەڕ و ئیمانی خۆمان ھی ھاوبەشی و شەریکی ئەم فۆڕمە لە حوکمڕانی نیە".

 

لە بەرامبەر ئەوەدا، هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لێدوانێکى تایبەتدا بە ناس کوردى وت: "حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەریەک لە (پارتى، یەکێتى، گۆڕان) پێکهاتووە و هەر بڕیارێک بدرێت لەناو ئەنجومەنى وەزیراندا بڕیارێکى بەکۆمەڵە و هەموو لایەک بەشدارن تیایدا".