گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ داوامان لە لایەنەکانى پێکهێنەرى حکومەتە زیاتر هاوکار بن’

بەرپرسێکى پارتى بۆ ناس کورد: بڕیارى لێبڕینى مووچە بڕیارى هەر سێ لایەنى پێکهێنەرى حکومەتە

2020.06.22 - 12:01
بەرپرسێکى پارتى بۆ ناس کورد: بڕیارى لێبڕینى مووچە بڕیارى هەر سێ لایەنى پێکهێنەرى حکومەتە

ناس کورد-

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ناس کوردى راگەیاند" ئەو بڕیارانەى کە لە ئەنجومەنى وەزیران دەدرێت هیچ گومانى تێدا نییە بڕیارى هەر سێ حزبى پێکهێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانە".

 

هۆشیار سیوەیلى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى وت "حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەریەک لە (پارتى، یەکێتى، گۆڕان) پێکهاتووە و هەر بڕیارێک بدرێت لەناو ئەنجومەنى وەزیراندا بڕیارێکى بەکۆمەڵە و هەموو لایەک بەشدارن تیایدا".

 

لەبارەى هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى پارتى ئاماژەى بەوە کرد،  هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەى پارتى و یەکێتى کۆببنەوە و لە هەردوولاوە هەوڵ هەیە و بەو ئاراستەیە کە بەزوترین کات کۆبوونەوە بکرێت و ئەو کێشانەى کە لەنێوانیان هەیە باسى بکەن و چارەسەرى بکەن.

 

سەبارەت بە دۆخى بایکۆت و خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەتایبەت لە سنورى پارێزگاى سلێمانى و خوێندنەوەى پارتى بۆ ئەو دۆخە، سیوەیلى رونیکردەوە "هەرێمى کوردستان و عێراق بەدۆخێکى سەختدا تێدەپەڕن و هۆکارى هاتنە ئاراى ئەو دۆخەش هەموومان دەزانین هۆکارى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنایە نەک تەنها لە هەرێم و عێراق بەڵکو لە هەموو جیهان و دەتوانم بڵێم ئەم قەیرانە بەرۆکى هەموو جیهانى گرتۆتەوە و هەرێمى کوردستانیش بەدەر نییە و ئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە وەک هەموومان دەزانین نرخى نەوت دابەزێت و قەیرانێکى ئابورى وا دروست بێت کە حکومەت توشى قەیرانى ئابورى بێت".

 

وتیشى " هەموومان دەبێت بزانین کە عێراق و هەرێمى کوردستان لە دۆخێکى سەختى ئابوریدا دەژین و دەبێت هەموو لایەک هاوکارى حکومەتى هەرێم بن بۆ ئەوەى بتوانین ئەم قەیرانە تێپەڕێنین".

 

لەبارەى هەوڵە جیاجیاکان لە بەغدا کە وەک هەوڵێک بۆ  لاوازکردنى هەرێم خوێندنەوەى بۆ دەکرێت و هەڵمەتى  گەڕاندنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ بەغدا، هۆشیار سیوەیلى وتى "کیانى هەرێمى کوردستان بە خوێنى هەزاران شەهید دروست بووە و ئەو هەوڵانەى کە دەدرێن بۆ بنکۆڵکردن و لاوازکردنى هەرێمى کوردستان بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەى بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان".

 

وتیشى "پێویستە هەموو لایەک تێبگەن کە زیانگەیاندن بە هەرێمى کوردستان و بەم کیانە سیاسیەى کە ئێستا هەمانە زیانگەیاندنە بە ئایندەى رۆڵەکانى ئەم هەرێمە و گەلى کوردستان بەشێوەیەکى گشتى".  

 

جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە " تەنها بە یەکگرتوویى و تەبایى لایەنە سیاسیەکانى کوردستان و پشتگیرى راستەوخۆى خەڵکى کوردستان شکست بەو هەوڵانە دەدرێت".

 

" هەوڵەکانى پارتى بەردەوامە بە ئاراستەى دروستکردنى برایەتى و تەبایى لایەنەکان و داواش لە خەڵکى کوردستان دەکەین کە پشتگیرى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەى بەیەکەوە بتوانین ئەم دۆخە سەختە تێپەڕێنین و من گەشبینم بەوەى کە هاوکارى و پشتگیرى هەموو لایەک دەتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین".

 

هۆشیار سیوەلى ئاماژەى بەوە کرد کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن نییە و بە مافى ئۆپۆزسیۆنى زانى کە رەخنەیان لە ئەداى حکومەت هەبێت و فشار بخەنە سەر حکومەت.

 

ئەو داواى لەو لایەنانە کرد کە لە حکومەتدا بەشدارن زیاتر هاوکارى حکومەت بکەن و وتى "داوا لە لایەنەکانى پێکهێنەرى حکومەت دەکەین زیاتر هەوڵ بدەن ئەو بەرنامەیەى کە لەسەرى رێککەوتوون جێبەجێ بکەن و هەموو لایەک ئەوە بکەین لەم دۆخە رزگار بین".

 

وتیشى، لەلاى خۆیەوە پارتى ئەوپەڕى هەوڵ دەدات بۆ ئەوەى ئەم دۆخە تێپەڕێنین بەجۆرێک لە بەرژەوەندى خەڵکى هەرێمى کوردستان بێت.

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە بەردەوام پەیام و بەرنامە و ئامانجى پارتى ئەوە بووە کە خزمەتى خەڵکى کوردستان بکات.

 

سەبارەت بە تیمى هەریەک لە یەکێتى و گۆڕان لەناو حکومەتى هەرێمى کوردستان، هۆشیار سیوەلى، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى ئاماژەى بەوە کرد ، گلەییان لە تیمى حکومەت نییە و وەکو تیمێکى یەکگرتوو ئیش دەکەن و کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران بەشێوەیەکى رێکوپێک بەڕێوە دەچن.

 

وتیشى "ئەو بڕیارانەى کە لەناو ئەنجومەنى وەزیران دەدرێت بەتێکڕاى دەنگى ئەندامانى ئەنجومەن دەدرێت و حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێوەیەکى رێک و پێک وەکو تیمێکى هاوکار و تەبا کارەکانى خۆى ئەنجام دەدات".

 

لەبارەى ئەو لێدوانانەى کە بەشێک لە بەرپرسانى یەکێتى و گۆڕان سەبارەت بە حکومەتى هەرێم دەیدەن و دژى بڕیارەکانى حکومەتن، بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى وتى "ئێمە تا ئێستا هەڵوێستى ڕەسمى حزبەکانى پێکهێنەرى حکومەتمان گوێ لێ نەبووە راستە لەملاولا قسە دەکرێت و ڕەخنە دەگیرێت بەڵام وەکو هەڵوێستى فەرمى حزبەکان بەتایبەتى دەربارەى ئەم هەنگاوەى دوایى ئەنجومەنى وەزیران ئێمە تەنها سەیرى هەڵوێستى فەرمى سەرکردایەتى یان مەکتەبى سیاسى لایەنەکان دەکەین و بەرمەبناى ئەوە دەتوانین وەڵام بدەینەوە".

 

جەختیشى کردەوە کە ئەو بڕیارانەى کە لە ئەنجومەنى وەزیران دەدرێت هیچ گومانى تێدا نییە بڕیارى هەر سێ حزبى پێکهێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانە.

 

وتیشى "حکومەت لەو سێ حزبە پێکهاتووە و هەر بڕیارێک بدرێت لەناو ئەنجومەنى وەزیراندا بڕیارێکى بەکۆمەڵە و هەموو لایەک بەشدارن تیایدا".

 

لەبارەى چاکبوونى دۆخى هەرێمى کوردستان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتى عێراق، هۆشیار سیوەیلى گەشبینى خۆیانى نیشاندا بەوەى کە هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن دەربارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دواجار گەیشتن بە تەبایى و هاوکارى و هەماهەنگى نێوان لایەنە سیاسیەکان و رێکخستنەوەى نێو ماڵى کورد.