گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق تەنها دەتوانێت چى بكات؟

عێراق نزيكەى يەك مليۆن چەكدارى هەيە ئايا دەتوانێت وەڵامى سەربازى توركيا بداتەوە؟

2020.06.22 - 09:43
عێراق نزيكەى يەك مليۆن چەكدارى هەيە ئايا دەتوانێت وەڵامى سەربازى توركيا بداتەوە؟

ناس کورد-

عێڕاق نزيكەى 350 هەزار سەرباز و 400 هەزار ئەندامى پۆليسى فيدراڵى هەيە، هەروەها نزيكەى 150 هەزار ئەندامى هێزەكانى حەشدى شەعبى و هاوشێوەكانى هەيە بە هەمان هێندەش ياخود كەمتر هێزەكانى پێشمەرگەى هەيە و بەوەش دەوروبەرى مليۆنێك شەڕكەرى هەيە، بەڵام سەرەڕاى ئەوەش تواناى عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەى سنوربەزاندنى توركيا بوەتە جێى پرسيار.

 

هێزەكانى توركيا توانيان سەدان کیلۆمەتر خاكى عێراق ببڕن و بەپێى زانياريەكان ئەو هێزانە پێگەكەيان لە سەربازگەى زيلكان لە ڕۆژهەڵاتى شارى موسڵ جێهێشتووە و بەرەو چياى بەعشيقە پێشڕەويان كردووە.

 

هێزەكانى توركيا هاتونەتە ناو نەينەواوە

ماڵپەرى"الحرة" بڵاويكردوەتەوە، دانيشتوانى ناوچەكە باس لەوە دەكەن كە  دەتوانن لە ماڵەكانيانەوە بە ئاسانى ئەو هێزانەى توركيا ببينن، ناشتوانن بچنە ناو زەويە كشتوكاڵيەكانيانەوە چونكە قەناسەكانيان هەڕەشە لە هەركەسێك دەكەن كە لەو ناوچانە نزيك ببنەوە كە هێزەكانى توركياى تێدايە.

 

ماڵپەرەکە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، دانيشتوانى ناوچەكە داوايان لە حكومەتى عێراقى كردوە كە ئەو هێزانە دەربكات، بەڵام لەبرى ئەوەى عێراق پەنا بۆ هێز بەرێت لە بەرامبەر داگيركاريیەكانى توركيا، باڵيۆزى ئەو وڵاتەى بۆ جارى دووەم بانگهێشت كردوە و ياداشتى ناڕەزايى پێداوە، ئەوەش دواى ئەوەى كە لە جارى يەكەمدا كە باڵيۆزى ئەو وڵاتە ياداشتەكەى وەرگرتبوو وتبووى "كە وەرگرتنى ياداشتەكەى وەك دەرفەتێك قۆستوەتەوە بۆ ئەوەى جەخت بكاتەوە كە توركيا ناكشێتەوە".

 

دوا بەدواى ئەم ڕووداوانەش عێراق هەڕەشەى ئەوە دەكات كە پەنا بۆ ئەنجومەنى ئاسايش و رێكخراوە نێودەوڵەتيەكان دەبات، "ئيبراهيم نيعمە" شارەزاى ئەمنى و ئەفسەرى خانەنشينكراو دەڵێت " لەڕووى تيۆريەوە عێراق لە ڕووى سەربازيەوە تواناى هەيە كە بەرپەرچى هەر هێرشێكى توركى سنوردار بداتەوە، چونكە توركيا سەركێشى ئەوە ناكات كە ڕوبەڕوى ئيدانەكردنى نێودەوڵەتى ببێتەوە و دواتريش ناچار بكرێت قەرەبووى عێراق بكاتەوە، هەروەها پەيوەنديە ئابوريەكانى "توركيا - عێراق" بۆ ئەنقەرە گرنگە.



شەڕ تەنها فیشەک و بۆمب نييە

ئەو شارەزا ئەمنيە باسى لەوەشكرد "شەڕ تەنها فیشەک و بۆمب نييە، بەڵكو بڕيارى سياسى و ميلليشە، بڕيارى سياسى عێراقى زۆر لاواز و شپرزەيە، گەل يەكگرتوو نييە، كێشەى مەزن هەيە، بۆيە پێموانيە عێراق سەركەوتوو بێت بەرامبەر هەر هەڵوێستێك كە لە ياداشتنامەى ناڕەزايى زياتر بێت".

 

ڕژێمى پێشووى عێراق ڕێگەى بە هێزە توركيەكاندا كە مەوداى 10 كيلۆمەتر بێنە ناو خاكى عێراقەوە ئەوەش بۆ ڕاوەدونانى گەريلاكانى پەكەكە، بەڵام وا دەرناكەوێت كە توركيا زۆر گوێ بەو ڕێكکەوتنە بدات.

 

هەروەها لاى خۆشيەوە حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کردبوو، ڕوداوەكانى سنور جێى داخن چونكە تێيدا هاوڵاتيانى مەدەنى بوونە قوربانى.

 

توركيا وەڵامى ناڕەزايەتيە هێمنانەكەى حكومەتى هەرێمى كوردستان نەداوەتەوە هەروەها وەڵامى ياداشتنامەى دووەمى عێراقيشى نەداوەتەوە كە دەوترێت بەشێوەيەكى توند ئاراستەى باڵيۆزى ئەو وڵاتە كراوە، بەڵام وەڵامى ليژنەى ئازاديە ئايينيەكانى ئەمريكاى داوەتەوە كە ڕەخنەى لە پرۆسە سەربازيەكەى ئەو وڵاتەى گرتبوو لە وەڵامەكەدا هاتبوو "ڕەخنەكەى ئەمريكا جێى شەرمە".

 

"ئەحمەد حسێن" شيكەرەوەى سياسى دەڵێت، عێراق لە ياداشتنامەكەيدا داواى كردبوو كە پرۆسەى سەربازى تاكلايەنە ئەنجام نەدرێت ئەوەش واتاى ئەوەيە كە ئامادەيە بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى سەربازى هاوبەش، هەرێمى كوردستانيش جەختى لەوە كردوەتەوە كە سورە لەسەر هاوڕێيەتى توركيا و ئيدانەى كارەكانى پەكەكەى دژى توركيا كردبوو.

 

باسى لەوەشكردوە "بەڵام هەموو ئەمانە دڵى توركەكانيان نەرم نەكرد و بەردەوامن لە پرۆسە سەربازيەكەيان و ڕۆژانە ئەنجامەكانى بڵاو دەكەنەوە".

 

بە درێژايى چەندن ساڵى ڕابردووش توركيا چەندين پرۆسەى سەربازى چڕى بۆ سەر گەريلاكانى پەكەكە ئەنجام داوە لە هەريەكە لە عێراق و سوريا، دەشڵێت "ئەو پرۆسانە وەڵامى هێرشەكانى پەكەكەيە" كە چەندين دەيەيە توركيا لە دەرەوە و ناوەوەى وڵاتەوە شەڕى ئەو هێزە كورديیە دەكات.