گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زەنگێكى ئاگاداركردنەوە بۆ ئیدارەى ترەمپ

کۆرۆنا متمانەى سەرکردەکانى داعشى زیادکردووە و تواناى سوپاى عێراقى بۆ نیوە کەمکردووە

2020.06.21 - 23:14
کۆرۆنا متمانەى سەرکردەکانى داعشى زیادکردووە و تواناى سوپاى عێراقى بۆ نیوە کەمکردووە

ناس کورد-

لەكاتێكدا ئيدارەى دۆناڵد ترامپ سەرۆكى ئەمريكا سەرقاڵى چەندين بابەتى ناوخۆييە وەك هەڵمەتى هەڵبژاردن و ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا، چەكدارانى ڕێكخراوى داعش هەوڵى قۆستنەوەى ئەو بابەتە و دوبارە بنيادنانەوەى هەيكەليەتى رێكخراوەكەيان دەدەنەوە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

 

كۆن كۆفلين نوسەرى بەريتانى دەڵێت، چەندين بەڵگە هەيە لەسەر ئەوەى كە لە وڵاتانى وەك عێراق و ليبيا و ئەفغانستان كە رێكخراوى داعش هەوڵى هەستانەوە دەدات ئەوەش دواى ئەو شكستە گەورەيەى لە چەند ساڵى ڕابردودا توشى بووە.

 

كۆفلين كە نوسەرى بوارى كاروبارى سەربازى و دەرەوەيە لە ڕۆژنامەى تەلەگرافى بەريتانى و هاوڕێى پەيمانگاى "جيتستۆن"ى ئەمريكيە باس لەوەشدەكات، نيگەرانى گەورە لاى بەرپرسە ئەمنيەكانى خۆرئاوا ئەگەرى هەستانەوە و بەهێزبونەوەى ڕێكخراوى داعشە لە عێراق، كە ئەو دەوڵەتەيە لە ساڵى 2014 ئەبوبەكر بەغدادى دامەزراندنى خەلافەتەكەى تێدا ڕاگەياند.

 

لەبەشێكى ترى وتارەكەى ئەو نوسەرە بەريتانيە دەڵێت، سەرەڕاى خراپى بارودۆخى داعش بەرپرسانى عێراقى هەست بە گەڕانەوەى چالاكيەكانى داعش دەكەن لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوو و ئەو ڕێكخراوەش تەركيزى خستوەتە سەر ئەو پارێزگايانەى دەكەونە ڕۆژهەڵات و باكورى بەغداى پايتەخت، تەنها لەمانگى نيسانى ئەمساڵدا چەكدارانى ڕێكخراوەكە 108 هێرشيان لە عێراق ئەنجامداوە، يەكێك لەوانەش هێرشكردنە سەر بارەگاى هەواڵگرى لە كەركوك.

 

بەرپرسانى هاوپەيمانى نێودەوڵەتى دەڵێن، لەيەكچونێك لەنێوان چالاكيەكانى ئێستاى داعش و ئەو چالاكيانەدا هەيە كە لەسەرەتاى هەڵمەتەكەى لەساڵى 2014 ئەنجامى دەدات لە عێراق و لە كۆتاييشدا بووە هۆى ئەوەى پانتاييەكى فراوان داگير بكات.

 

لەو نامەيەى كە "ئەبو ئيبراهيم هاشمى" سەركردەى نوێى ڕێكخراوەكە لە كۆتايى مانگى ئاداردا بڵاويكردەوە متمانە بەخۆبونێكى زۆر دەبينرێت كە تێيدا هاتبوو "ئەوەى ماوەى چەند ڕۆژێكە لەناوچەكە دەيبينن تەنها چەند بەڵگەيەكە لەسەر گۆڕانكارى گەورە كە دەرفەتێكى گەورەمان بۆ دەڕەخسێنێت وەك ئەوەى لە پێشوودا هەمانبوو".

 

بەپرسانى ئەمنى عێراقى دەڵێن، ژمارەى چەكدارانى ڕێكخراوى داعش لە عێراق لەنێوان 2 بۆ 3 هەزار چەكداردايە، 500 يان ئەو چەكدارانەن كە لە گرتوخانەكانى سوريا هەڵاتن و خۆيان گەياندووەتە عێراق.

 

سەرەڕاى هەموو ئەمانەش، تواناى هێزە عێراقيەكان بۆ مامەڵكردن لەگەڵ هەڕەشەكانى داعش ڕووبەڕوى ئەستەم بوەتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى هێزى سوپاى عێراقى بەهۆى بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناوە 50% كەميكردووە.

 

كۆن كۆفلين دەڵێت، سەرچاوە ئەمنيەكانى ڕۆژئاوا پێيان وايە كە ژمارەيەك هۆكار گەڕانەوەى ڕێكخراوى داعش لە عێراق ڕووندەكەنەوە، ئەوەش سەرەڕاى قۆستنەوەى كەمبونەوەى ژمارەى هێزە ئەمنيەكانى عێراق بەهۆى پەتاى كۆرۆناوە، ئەو ڕێكخراوە شەلەلى سياسيشى لە عێراق وەك هەل قۆستوەتەوە ئەوەش دواى ئەو شەپۆلە خۆپيشاندانانەى كە دژى حكومەتى ئەو وڵاتە دروست بوو.

 

نوسەرەکە پێشیوايە، بەدڵنياييەوە دەبێت گەڕانەوەى داعش زەنگێكى ئاگاداركردنەوە بێت بۆ ئيدارەى ترەمپ، ئەويش بە گەڕانەوەى پابەندبونى سەربازى ئەمريكى بەرامبەر عێراق بەتايبەتى دواى ئەوەى كە "مستەفا كازمى" سەرۆكى پێشووى دەزگاى هەواڵگرى بووە سەرۆكى حكومەت.

 

تەئكيديش دەكاتەوە، هۆكارى تواناى عێراق بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن بە پلەى يەكەم ئەو قوربانيە زۆرەيە كە هێزەكانى ئەمريكا و چەندين ئەندامى ترى هاوپەيمانى داويانە دواى داگيركردنى عێراق لە ساڵى 2003، ئەوەش دەستكەوتێكە ناكرێت ئيدارەى ترەمپ ڕێگەى بدات كە زيانى بەركەوێت بەهۆى گەڕانەوەى ڕێكخراوى داعش.