گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارى توند دەداتە ئەوانەى لەهەرێم هاوکارى میت دەکەن

جەمیل بایک: پشتیوانى هەندێ لایەن نەبوایە ئەستەم بوو تورکیا بتوانێت هێرش بکات

2020.06.21 - 20:35
جەمیل بایک: پشتیوانى هەندێ لایەن نەبوایە ئەستەم بوو تورکیا بتوانێت هێرش بکات

ناس کورد-

 

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە هۆشدارى توند دەداتە ئەو کەس و لایەنانەى  لەهەرێمى کوردستان هاوکارى میتى تورکیا دەکەن، ئاماژە بەوەشدەکات بێدەنگى هەرێم و عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا ئەوروپا بەرانبەر هێرشەکەى تورکیا بەواتاى ئاگاداربونیانە لە هێرشەکان.

 

جەمیل بایک لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانى پەکەکە ڕایگەیاندووە "بە فڕۆکە شەنگال، مەخمور و هەرێمەکانى پاراستنی مەدیایان بۆردومانکرد، بەڵام کەس دەنگی لێوە نەهات. نە حکومەتى باشوور، نە حکومەتى عێراق، نە نەتەوە یەکگرتووەکان، نە ئەمریکا و نە ئەوروپا لە دژی ئەو هێرشانە دەنگیان لێوە نەهات. بێگومان ئەوە مانای خۆی هەیە، چونکە روونە، کە هەموویان لەو هێرشە ئاگادارن".

 

دەشڵێت "دەبێت تەنانەت هەندێک لایەن بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە یارمەتیی تورکیایان دابێت و فەرمانیان بە تورکیا کردبێت و بە تورکیایان وتبێت 'ئێمە لە پشتی تۆین، تۆ دەتوانیت ئەنجامی بدەیت'. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، تورکیا ئەو هێزەى نییە، کە ئەو شوێنانە بۆ چەند کاتژمێر لەسەر یەک بە فڕۆکە  بۆردومان بکات. ئەوە بۆ تورکیا ئەستەمە".

 

جەمیل بایک باسى لەوەشکردووە، مەخمور هەم لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە و هەم ئاسمانەکەى لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و عێراقدایە. ئەگەر ئەوان رێگا بە تورکیا نەدەن، ئەستەمە تورکیا بتوانێت بەبێ ئەوان بۆ چەند کاتژمێر بە بەردەامی بە فڕۆکەى جەنگی هێرش بکاتە سەر مەخمور، شەنگال و هەرێمەکانى پاراستنى میدیا.

 

"لەبەرئەوە لەم هێرشانە هەم حکومەتى باشوور و هەم حکومەتى عێراق و هەم نەتەوە یەکگرتوەکان و هەم ئەمریکا بە تایبەتی بەرپرسیارن. پێویستە گەلەکەمان ئەو بەرپرسیارانە ببینێت. پێویستە ئەوان، ئەو هێرشانە قبوڵ دەکەن یان نا، هاکاریی ئەو هێرشانەیان کردووە یان نا، رێگایان بە تورکیا داوە یان نەداوە، پێویستە بۆچوونی خۆیان روون بکەنەوە"، جەمیل بایک وایوتووە.

 

هەروەها ئەوەشى خستووتەڕوو، لە باشووری کوردستان هەندێک ڕێکخستنی هەواڵگری هەیە. هاوکاری میت دەکەن، میت بە هاوکاری ئەوان کۆمەڵکوژی لەبەرانبەر گەریلا ئەنجام دەدات. ئەگەر ئەوان هاوکاری نەکەن، ئەگەر سیخوڕی نەکەن، هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەبن، ئەو کاتە میت ناتوانێت لە باشوور جموجووڵ بکات، سیخوڕی و جاسوسی ڕێکبخات و بەو شێوەیە گورز لە گەریلا بوەشێنێت.

 

بایک دەڵێت "ئەگەر هەڤاڵانمان لە باشووری کوردستان شەهید دەکرێت، لە پشتیانەوە دەزگاکانی پاراستن و زانیاری هەیە. لەناویاندا هەندێک کەس هاوکاری میت دەکەن. میت لە ڕێگەی ئەوانەوە زانیاری بەدەست دەهێنێت، بەم شێوەیە گورز لە گەریلا دەدەن. لێرەدا هەندێک کادری پەدەکە و یەنەکە  و پارتەکانی تر هەن، وابەستەی پارتەکانی خۆیانن، وابەستەی ڕێکخستنەکانی خۆیانن. ڕێکخستنەکانیان داوایان لیدەکەن زانیاری لەسەر گەریلا بەدەست بهێنن. ئەوانیش بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، زانیاری دەدەن. نازانن ئەو زانیاریانە دەدرێنە میت".

 

هەروەها هۆشداریی بەو کەسانەدا کە لە هەرێمى کوردستان بۆ دەزگای سیخوڕیی تورکیا (میت) کار دەکەن و وتی "ئێمە تاوەکو ئێستا دانمان بە خۆماندا گرتووە، بەڵام دەستی هەر کەسێک بە خوێنی گەریلا سوور بێت دەبێتە ئامانجمان".