گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوەی نوێ: چەندین جار داوامان لە تەندروستیی سلێمانی کردووە نەخۆشخانەکەمان لێوەربگرن

2020.06.21 - 13:42
نەوەی نوێ: چەندین جار داوامان لە تەندروستیی سلێمانی کردووە نەخۆشخانەکەمان لێوەربگرن

ناس کورد-

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، چەندین جار داوایان لە تەندروستیی سلێمانی کردووە ئەو نەخۆشخانەیە بەکاربهێنێت کە بۆ توشبووانی کۆرۆنا دروستیان کردووە، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

محەمەد ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "چەندینجار وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە نوسراوی رەسمیی داوامان لە بەرێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیی کردووە ئەو نەخۆشخانەیە وەربگرن کە ئامادەمان کردووە تایبەت بە نەخۆشانی کۆرۆنا".

 

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشکردووە: "تەندروستیی سلێمانی تا ئێستا نەهاتوون نەخۆشخانەکە وەرگرن".

 

هاوکات، نوسراوێکی جوڵانەوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بەروارەکەی بۆ 6ی ئازاری ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و تیایدا داوایان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی کردووە نەخۆشخانەکەیان لێوەربگرن و بەکاریبهێنن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، کێشەی کەمی شوێن هەیە و بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانەکان بۆ توشبووانی کۆرۆنا تەرخانکراون.