گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى کورد لە بەغدا: حکومەتى هەرێم بەرپرسیارى یەکەمى پێنەدانى موچەى فەرمانبەرانە 

2020.06.19 - 20:38
پەرلەمانتارێکى کورد لە بەغدا: حکومەتى هەرێم بەرپرسیارى یەکەمى پێنەدانى موچەى فەرمانبەرانە 

ناس کورد- 

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم بەرپرسیاری یەكەمى دابینکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە بەوپێیەى کە نەوت سەربەخۆ دەفڕۆشێت و داهاتى هەیە. 

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى و ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد بەپلەی یەكەم حكومەتی هەرێم بەرپرسیارە لەدیارنەمانى موچەی فەرمانبەران و پێنەدانی مافی فەرمانبەرانی دامودەزگاكان.

 

رونیشیکردەوە، ئەوان وەكو پەرلەمانتارانی كورد لەگەڵ مافی خۆپیشاندان و داواكردنی مافی ڕەوای فەرمانبەرانن و حكومەتى هەرێم بەرپرسیاری یەكەمە لە دابینكردنی مافەكانیان چونكە ئەو نەوت دەفڕۆشێت و داهاتی هەیە.

 

ئەحمەدى حاجى ڕەشید ئاماژەى بەوە کرد، بەغدا بەپلەی دووەم بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەر شانی بەو پێیەی پارەكە ڕادەستی هەرێم دەكات بەبێ ئەوەى چاودێری مەیدانی و دارایی بۆ چۆنیەتى خەرجکردنەکەى بکات.