ناس کورد-
سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر بۆردومانکردنی بنکەی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو هێرشانەیاندا بنکەی هێزە نەیارەکانیان کردووەتە ئامانج.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی ڕاگەیاندنی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند: "بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورە ڕۆژاواییەکان، سوپا مانۆڕێکی سەربازی و هەندێک چالاکی لە سنووری ڕۆژاوای وڵات ئەنجام داوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو مانۆڕە سەربازییە بە ناوی شەهیدانی کوردی موسڵمان لە ڕۆژاوای ئێران بەڕێوەدەچێت و تێیدا بنکە و بارەگای هێزە چەکدارە نەیارەکان کە لە هەرێمی کوردستاندان کراوەتە ئامانج و ئەو گروپانە ناچار بوونە لە سنوورەکانی ئێران دوورکەونەوە".
چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لەخاکی هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ لەشکرکێشی و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هیچ لایەنێکی دیکەی کوردی بەهەرسێ سەرۆکایەتییەکەشەوە لەسەر ئەو پرسە نەهاتوونەتە دەنگ.
دوێنێ پێنجشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، ئەو هێرشە سەربازییانە زیانیان لە هاووڵاتیانی سیڤیل داوە و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد لەسەر ئەو پرسە بێتدەنگ و سەروەری خاکەکەی بپارێزێت.