ناس کورد-
ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، موچەی فەرمانبەرانی عێراق مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دۆلارە، بەڵام لە ئێستادا داهاتی مانگانەی عێراق کەمبووەتەوە بۆ دووملیار دۆلار، دەشڵێت، تاوەکو هەرێمی کوردستان نەوت و داهات ڕادەستی بەغدا نەکات چیدی حکومەتی عێراق پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هشام داود، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: "عێراق بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دۆلار هەیە، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی کۆرۆناوە لە ئێستادا داهاتی مانگانەی کەمبووەتەوە بۆ دوو ملیار دۆلار".
وتیشی : "زۆر وڵات ئامادەیی خۆی نیشانداوە یارمەتیمان بدات لەڕووی ئابوریی و داراییەوە، بەڵام بە مەرجی قەلاچۆکردنی گەندەڵی".
داود جەختیلەوەشکردەوە، هەرچەندە لە ئێستادا عێراق لەڕووی داراییەوە دووچاری ئاستەنگییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام توانیویەتی موچەی فەرامانبەرانی بۆ مانگەکانی داهاتوو مسۆگەر بکات، ئەوەش لەڕێگەی قەرزکردنی ناوخۆیی و دەرکییەوە.
ئەو ڕاویژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش کرد ئاماژەی بەوەکرد : "حکومەتی فیدراڵی چیدی هیچ گوژمەیەکی دیکەی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم نەوت و داهاتی خۆی ڕادەستی بەغدا نەکات".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە ئێستادا پلانیان هەیە چاکسازی دارایی ڕیشەیی بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پێدانی موچە ئەنجامبدەن و دەبێت جیاوازی لە نێوان موچەی خانەنشینی چارەسەر بکرێت، ناکرێت کەسێک 30 ملیۆن دینار خانەنشینی وەربگرێت و کەسێکی دیکەی خانەنشینیش 200 هەزار دینار وەرب گرێت".
باسی لەوەشکرد: " بەمەبەستی چارەسەر کردنی ئەوکێشانە لیژنەیەکی تایبەت دروستکراوە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، بۆیە لە ئێستادا گفتوگۆیەکی چر لەنێو حکومەتدا هەیە بۆ فەراهەم کردنی دادپەروەری لە خشتەی پلەبەندی موچەی فەرمانبەراندا ".
دەربارەی قەیرانی کۆرۆنا و توانای کەرتی تەندروستیی عێراق لە ڕووبەرووبونەوەی هەڵکشانی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە، داود وتی: " لە ئێستادا کەرتی تەندروستی بە دەست کەمی تەختی چاودێری چڕەوە دەناڵێنێت، لەسەرتاسەری نەخۆشخانەکانی عێراقدا تەنها هەزار تەختی چاودێری چڕ هەیە کە ئەوەش بەراورد بە ژمارەی توشبووانی ڕۆاژنەی پەتاکە زۆر کەمە".
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتی ڕوسیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە ناردنی چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا بۆ عێراق کە لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنین.