گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی لەسەر هێرشەکانی ئێران و تورکیا هاتەدەنگ و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنەکان دەکات

2020.06.18 - 22:48
یەکێتی لەسەر هێرشەکانی ئێران و تورکیا هاتەدەنگ و داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنەکان دەکات

ناس کورد-

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەسەر هێرش و بۆردومانەکانی سوپای تورکیا و ئێران بۆسەر خاکی هەرێم هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، بە ڕۆژی ڕوناک سنوری هەرێم دەبەزێندرێ و داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عیراق دەکەن بۆ پاراستنی سەروەری خاک و ئاسمانی عیراق هەنگاوی بەپەلە بنێت و ژیانی ئەو هاوڵاتییە سنورییانە بپارێزێت.

 

ئەمڕۆ  پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2020، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەی ئاسایی بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆکانی حزبەکە ئەنجامدا.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە: "کۆبوونەوەکە رۆڵی باڵای پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو ئەوانەی لەو بوارە کاردەکەن بەرز نرخاند لەرووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئێمە وەک یەکێتی پشتیوانی تەواوی داوا رەواکانیان دەکەین،  چونکە دابینکردنی ژیان و قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێم ئەرکەو لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستانی پیا تێپەڕ دەبێت و ئاڵانگارییەکانی بەردەمی تاوتوێ کران ، جەخت کرایەوە لەسەر کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەی تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەختەی هەرێم پیا گوزەر دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "کۆبوونەوەکە بەدواداچوونی بۆ بارودۆخی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لەم دواییانەدا ئاڵۆزی زۆری بە خۆیەوە دیوەو بە رۆژی رووناک سنوری هەرێم دەبەزێنرێی و هاوڵاتیانی سیڤیل دەبنە قوربانی و دووچاری زەرەرو زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی دەبنەوە و بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارە بوون و بەرهەمی کشتوکاڵییان کە تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیانیانە وێران بووە".

 

جەختیشیکردووەتەوە: "بەهۆی هێرشی فڕۆکەو تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێ. پێمان وایە  چیتر ناکرێت حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێ دەنگ بن لە ئاست ئەم هەموو پێشێلکارییەو داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی عیراق دەکەین بۆ پاراستنی سەروەری خاک و ئاسمانی عیراق هەنگاوی بەپەلە بنێت و ژیانی ئەو هاوڵاتیانە  بپارێزێت".