ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم تۆمارکردنی زۆرترین حاڵەتی نوێی کۆرۆنای لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ڕاگەیاند کە 224 حاڵەتن و کۆی ژمارەی توشبووانیش گەیشتنە سەروو سێ هەزار کەس.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: "لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا دوو هەزار و 106 پشکنینی نوێی کۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون و 224 توشبووی نوێ تۆمارکراون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 94 توشبووی ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە و حەوت کەسیش گیانیانلەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەئێستادا کۆی توشبووانی ڤایرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە سێ هەزار و 45 کەس و لەو ژمارەیەش هەزار و 217 توشبوو چاکبوونەتەوە و 70 توشبووش گیانیانلەدەستداوە، لەئێستاشدا هەزار و 746 توشبوو لە نەخۆشخانەکاندان.