گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنكەرە و تاران لەسەر لەشكركێشییەكە ڕێكکەوتوون  

لەناوچەی هەفتانین سوپای توركیا ڕوبەڕووی بەرخۆدانێكی سەختی گەریلاكان بووەتەوە

2020.06.18 - 14:15
لەناوچەی هەفتانین سوپای توركیا ڕوبەڕووی بەرخۆدانێكی سەختی گەریلاكان بووەتەوە

ناس کورد- 

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەڕاپۆرتێكیدا رایگەیاند، بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی هێرشكردنە سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمى کوردستان، تورکیا و ئێران هەماهەنگییان هەبووە  ئەوەش خراوەتە ڕوو لەناوچەی هەفتانین سوپای توركیا ڕوبەڕوی بەرخۆدانێكی سەختی گەریلاكانی پەكەكە بووەتەوە. 

 

راپۆرتەکەى شەرقولئەوسەت، ئاماژەى بەوە کردووە "سەرباری بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لەعێراق و ڕاگەیاندنی ئیدانەكردنی پەلامارەكە لەلایەن ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەكانی عێراقەوە، سوپای توركیا بەردەوامە لەلەشكركێشی زەمینی و بۆردومانكردنی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان.

 

شەوی ڕابردوو لەمیانی بانگهێشتکردنى بۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فاتح یەڵدز، باڵیۆزی توركیا ڕایگەیاند، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی جەخت بكەنەوە كە بەردەوام دەبن لەهێرشەكانیان بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە لەهەر كوێیەك بن و لەسەر عێراقیش پێویستە هەنگاو بۆ كۆتایهێنان بەبوونی پەكەكە بنێت لە عێراقدا.

 

بەشار كیكی، پەرمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتیكردووەتەوە قسە بۆ ڕۆژنامەكە بكات لەسەر ئەو پرسە بەو پاساوەی ئەوە كاروباری سەروەرییەكانی فیدراڵیە.

 

هاوکات سەرچاوەیەك بەڕۆژنامەكەی وتووە، هێزەكانی كۆماندۆی توركیا بەدرێژایی 4 كیلۆمەتر لەناحیەی باتۆفەوە پێشڕەوییان كردووە كە دەكەوێتە باكووری پارێزگای دهۆكەوە و 30 كیلۆمەتریش دوورە لەسنوورەكانی توركیاوە.

 

سەرچاوەكە كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت باسی لەوەش كردووە، نزیكەی 75 گوند سەر بەناحیەی باتۆفەن و نیوەی ئەو گوندانەى لەژێر كۆنترۆڵی پەكەكەدایە و پێیاندەوترێت هەفتانین و توركیاش بەردەوام هێرشیان دەكاتە سەر بەتایبەت لەوەرزی هاوین و دواتر لەبەر سەختی كەشوهەوای ناوچەكە لەزستاندا دەكشێتەوە.

 

سەرچاوەكە ڕوونیشی كردەوە، گەریلاكانی پەكەكە و زۆربەی بنكەی سەركردایەتیەكەیان دەكەونە ناوچەی هەفتانینی سنوری توركیاوە و ئەو ناوچانەش لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە بەردەوام بۆردومان دەكرێن و ئەمجارەش توركیا دەیەوێت بەتەواوەتی ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكات بەڵام ڕوبەڕووی بەرخۆدانێكی سەختی گەریلاكان بووەتەوە تا شەوی ڕابردووش بەردەوام بووە.

 

لەبارەی بوونی ڕێكکەوتن و هەماهەنگی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە سەرچاوەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، بەردەوام جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە باسی لەوە كردووە توركیا ڕاوبۆچونی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەهەند وەرناگرێت و دەستدەكاتە هێرش و بۆردومانەكانی بەوەش سەروەرییەكانی خاكی عێراق پێشێل دەكات و دەسەڵاتدارانی عێراقیش بەرپرسن لەڕاگرتنی ئەو پێشیلكارییانە و تەنها كاری هەرێم نیە.

 

سەرچاوەکە وای بۆ دەچێت چەند ئاماژەیەك جەخت لە هەماهەنگی نێوان توركیا و ئێران دەكەنەوە بۆ هێرشكردنە سەر خاكی هەرێمی كوردستان چونكە بۆ یەكەمجار چەند ڕۆژێك پێش ئێستا فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی ناوچەیەكی لەحاجی عومەران كرد كە نزیكە لەناوچە سنورییەكانی ئێرانەوە.

 

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تاران پارتى ژیانەوەى کوردستان (پژاك) كە بەشێكە لەپەكەكە بەهێرشكردنە سەر هێزەكانیان لەناو سنورەكانی عێراقدا تۆمەتبار دەكات بۆیە دەبینین هەردوو وڵات بەمدواییانە دەستیانداوەتەوە بەئامانجگرتنی بارەگاكانی پژاك لەناوچە شاخاوییەكانی عێراقدا.

 

هاوكات بۆ ماوەی دوو ڕۆژە لەسەر یەك، سوپای ئێران بۆردومانی گوندی ئانەی سەر بەحاجی ئۆمەران دەكات و نزیكەی 10 جار بەرزاییەكانی سەر بەو ناوچەیەی بۆردومان كردووە.